دوو مەڵبەندی یەكێتی یاداشتی ناڕەزایەتی ئاراستەی حزبەكەیان دەكەن

12/07/2019

نەوا


دوو مەڵبەندی یەكێتی نیگەران و ناڕازین لە راوێژ پێنەكردن و بەشداری پێنەكردنیان لە كابینەی نوێی حكومەت، بۆ ئەو مەبەستەش یادداشت ئاراستەی حزبەكەیان دەكەن و تێیدا داوادەكەن لە پۆستەكانی تردا پشك بۆ ئەو ناوچانە دابنرێت.
لە یاداشتەكەی مەڵبەندی 12ـی یەكێتی لە چەمچەماڵ كە ئاراستەی جێگرانی سكرتێری گشتی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەند، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی رێكخستنی حیزبەكەیان كردووە تێیدا هاتووە، سنووری چەمچەماڵ، تەكیەی كاكەمەند، ئاغجەلەر، تەكیەی جەباری، قادركەرەم، ناحیەی شوان و ناحیەی سەنگاو كە دانیشتووانی زیاتر لە 350 هەزار كەسە و زۆربەیان كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوانن لە پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرامۆشكراون. 
مەڵبەندەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی نەبوونی كادیری باڵای ناوچەكە لە پۆستە حیزبی و حكومییەكاندا تاوەكو بەدواداچوون بۆ كێشەكانی ناوچەكە بكات، سنوورەكە رووبەڕووی چەندین كێشەی خزمەتگوزاری بووەتەوە وەك: كێشەی كەمئاوی و رێگەوبان. 
لە یاداشتنامەكەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە وەك ئەنجوومەنی مەڵبەندەكەمان و فەرماندەی لیواكانی سنوورەكە ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین، لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیشمان، هەڵوێستی تووند وەردەگرین". 
داواكارییەكانی مەڵبەندەكە بریتین لە: یەك بریكاری وەزیر، دوو بەڕێوەبەری گشتی، دوو راوێژكار لە پەرلەمان و وەزارەتەكان و دوو بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی.


هاوكات مەڵبەندی 11ـی گەرمیانی یەكێتی لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی بەرپرسانی حیزبەكەیان كردووە ناڕەزایەتی خۆیان رادەگەیێنن لەبەرامبەر راوێژ پێنەكردن و بێبەشكردنی یەكێتییەكانی ئەو سنوورە لە پۆستە وەزارییەكان. 
لە یاداشتنامەكەی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیدا هاتووە "ئێمە لە مەڵبەندی گەرمیان دەنگی ناڕەزایی خۆمانتان پێ رادەگەیێنین لە بەرامبەر پرس و راوێژ پێنەكردن و بێبەشكردنی یەكێتییەكانی گەرمیان لە پۆستە وەزارییەكان لە هەموو كابینەكانی پێشوو و ئەم كابینە نوێیەش". 
مەڵبەندی 11ـی گەرمیانی یەكێتی باسی لەوە كردووە، ئەو پەراوێزخستنە لەگەڵ رووحی چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی یەكناگرێتەوە. داواشدەكەن: 
-تاوەكو 14-7-2019 چاوەڕوانی وەڵامی پێویست و هەڵوێستن، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی دیكەیان دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان. 
- پێوستە رەچاوی مافەكانیان بكرێت لە پێكهاتەی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو پۆستەكاندا (بریكاری وەزیرەكان، راوێژكار، نوێنەرایەتی، باڵیۆز و بەڕێوەبەرەگشتییەكان).
- پێویستە مەڵبەندی گەرمیان سەرپشكبكرێت لە دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرپەرشتیاری نوێی ئیدارەی گەرمیان و هەموو دەستێوەردانێك رەتدەكەنەوە. 



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group