نووسەر و مێژووی نووسێكی كورد كۆچی دواییكرد

پێش 2 هەفتە هەمەڕەنگ

نەوا
عەلی كەندی نووسەر و رۆژنامەنووس و مێژوونووسی كورد لەناو ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.  كۆچی دوایی ئەو نووسەرە دوای ماوەیەك لە ململانێی نەخۆشییە كە سەرەنجام بڕستی لێبڕی بوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 6ی ئابی 2019 نووسەر و ڕۆژنامەنووس و مێژوونووسی گەورەی كورد “عەلی كەندی” لە شاری هەولێر لەناو ماڵەكەی خۆی كۆچی دوایی كرد.
عەلی كەندی ناوی تەواوی (عەلـی هۆمەر عەلـی فەتاح)ە لەساڵی 1953 لە گوندی سەربەشاخی شارەدێی دیبەگە لە شارۆچكەی مەخمور سەر بەپارێزگای هەولێر لەدایكبووە.
عەلی كەندی چەندین ساڵ پێشمەرگە بووە و سێ جاریش دەستگیركراوە، جگە لەئەندامیەتی شەش سەندیكا، خاوەنی ۱۸ بەرهەمی چاپكراو و بڵاوكراوەیە.

كـورتەیەك لە ژیاننامەی عەلی كەندی:
عەلـی هومەر عەلـی فەتاح-ە وناسراو بە– عەلـی كــەنـــدی– لەساڵی 1953 لە گوندی سەربەشاخ كە مەڵبەندی هۆزی سیانەو سەر بەناحیەی دێبەگەی سەربە قەزای مەخموری پارێزگای هەولێرە لە باشووری كوردستان، لـــەبنەماڵەیەكی هەژاری جوتیار لەم گوندەدا چاوی بەجیهان هەڵهێناوە.
نازناوی كەندی لە كەندیناوە هاتووە، كە لەدایك بووی كەندیناوەیە عەلی كەندی لە نووسینێكدا دەڵێ: نە ئێرانیم ونە ئێراقیم ونە توركیم و نــە سوریم و نە كەنەدیم، بەڵكو كوردم و كوردستانیم، گەر مردیشم پرسیارو وەڵامی گۆڕەكەم بە كوردی نەبێ‌ ڕەتیدەكەمەوە. 
هەروا عەلـی كەندی بۆ یەكەمجار لە لای مەلای ئایینی ئیسلام دەستیكردووە بە خوێندن لە حوجرەی فەقێیان لــە مزگەوتەكان و بەتایبەت لە گوندی گردەچاڵ لە ناحیەی قەراجی سەر بەقەزای مەخور لەپارێزگای هەولێر دوای ئەوە لە ساڵی1960چۆتە قوتابخانە لە گوندی برایم باول لە ناحیەی قەراج كە سەر بە قەزای مەخمور.
عەلـی كەندی دوای تەواوكردنی قۆناخی خوێندنی سەرەتایی ودەرچوونی بە پلەی دووەم لەسەر ئاستی قەزای مەخمور لە خوێندن.   بەڵام بە هۆی باری رامیاری و بیروبۆچوونی ئەو خێزانەوە، لەهەمان كات بەهۆی هەڵوێستی عەلـی كەندی فەرمانی دەستگیركردنی لەمانگی/ 7/1966 لەلایەن دارودەستەكەی ڕژێمی بەعسی بۆ دەردەچێ‌ لە قەزاكەدا.  
هەر بەم هۆكارەش لە 10/9/1967 ڕووی لە شاخەكانی كوردستان كردووە بە پێوەندی كردنی بە پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلول لە لقی پێشمەرگەكانی پارتی كۆمۆنیستی ئێراق  لقی/ هەرێمی باشووری كوردسـتان، لەدەڤەرەكانی ڕانیەو قەڵادزێ‌ و ڕەواندوزو دەشتی هەولێرو پارێزگاكانی سلێمانی وهەولێرو بــەردەوام بـوونی تا ڕۆژی 20 /3 /1972. 
دوای ئەوە گەڕاوەتەوە پارێزگای هەولێر تا 12/3/1979، كە دوا پلەی ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پارتی كۆمۆنیست بووە لە لیژنەی پاریزگای هەولێر لە باشووری كوردستان.
 لە 1/ 7/ 1975چۆتە شاری مۆسكۆی پایتەختی یەكێتی سۆڤیەتی جاران تاكو 15/ 8/ 1977 گەراوەتەوە كـــوردستان. 
لە 12/12/1977 خێزانی پێكهێناوەو باوكی پێج كوڕە.  12/3/1979 بەفەرمانبەر دامەزراوە لە بەڕێوەبەرایەتی گەشت وگوزار لە هاوینە هاواری سەلاحەدین لە كۆمەڵگەی سەری ڕەش.
لە 13/2/1982 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی هەولێر دەستگیر كراوە بۆ ماوەی حەوت مانگ گیراوە تاكو 6/ 8/1982، جاری دووەم 19/5/1985 و جاری سێیەم لە 25/9/1990 لە لایەن ئەمنی هەولێر دەستگیركراوەتەوە.
لەساڵی 2000 خۆی خانەنشین دەكات تاساڵی 2005 كە لە 23/11/2005 دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ خزمەتی فەرمانبەری و دوای ئەوە لە 30/9/2010 بە یەكجاری خۆی خانەنشین دەكات.

ئەو ڕێكخراو وسەندیكایەنەی كە تیایدا ئەندامە 
1- ئەندامی یەكێتی نووسەرانی كورد ستان.
2- ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامە نووسانی كوردستان.
3- ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی جیهان.
4- ئەندامی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرنەكانی كوردستان/ لقی هەولێر.
5- ئەندامی كۆمەڵەی زیندانە سیاسییەكانی كوردستان/لقی هەولێر.
6- ئەندامی سەندیكای ژمێریاری و وردبینی پارێزگای هەولێر.

بەرهەم و بڵاكراوەكانی نووسەر        
1- ساڵنامەی كوردستان كە یەكەم بەرهەمی نووسینەكانە.
2- فەرهەنگی ڕووداوەكانی كوردستان و وڵاتانی جیهان كە بۆ یەكەمجارە لــە 
      كوردستان-چاپی یەكەم /2005.
3- مێژوونامە–كــە ئێستا لە بەردستدایە، چاپی یەكەم/ 2006.
4- نەخشەی جیهان، بەزمانی كوردی بەناونیشانی، كورد لەنێوونەخشەی ڕامیاری 
     جیهان، كە بۆ یەكەمجارە لە كوردستان، ئەم نەخشەیە 10000دە هەزار دانەی لێ چاپكرا لە ئێران، 
5- ساڵنامەی كوردستان،  بە شێوەی بچووك،  تقویم مەنزەدی كە بۆ یەكەمجارە لـــە  كوردستان.
6- هەڵوێستنامە-2006- بەرگی یەكەم
7- ئینسكلۆپیدیای كوردستان وجیهان–چاپی دووەم /2008.
8- دەفتەری زانیاری–بەندە بەپاركی سامی عەبدولڕەمان لەشێوەی شریت كە 2،55
      مەتر درێژیەتی، ئەویش بۆ یەكەمجار بووە لە كوردستان. 
9- بڵاوكردنەوەی زیاتر لە 120 بابەت و لێكۆڵینەوە بە بوارەكانی ڕامیاری و   
      نەتەوەیی وجوگرافی وپێوەندی كۆمەڵایەتی وئافرەت وتوێژی گەنج، لە 
      ڕۆژنامەو گۆڤارەكان، لــەسەر باروودۆخی كوردو ڕوداوەكان لەگەڵ  
      وڵاتانی داگیر كەری كوردو كوردستان و ڕامیاریەتی لە پێوەندی نێوودەوڵەتیدا 
      هەروا زیاتر لە 25چاوپیكەتنی لە لایەن ڕادیۆو گۆڤارڕۆژنامەو تەلەفزیۆنەكان 
      لەگەڵ كراوە.
10_ ئینسكلۆپیدیای مێژوونامە بەچوار بەرگ/4 كەوتە  
       بەردەستتان كە لەلایەن چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بەچاپگەیەندرا 
       بەتیراژی 1500 دانە
11- ئینسكلۆپیدیای مێژوونامە، بەرگی شەشەم/6. لە 1/11/2007 تا 3/5/2008.
12- ئینسكلۆپیدیای مێژوونامە، بەرگی پێنجەم/5 پاشكۆ-ی هەرچوار 
       بەرگی/1-2 -3-4 كە تەواوكەریەتی لە 1/1/ 000تـــا31/10/2007.
13- بڕیارو ڕاگەیاندنەكانی ڕێكخراوەكانی جیهانی. 
14- ئینسكلۆپیدیای مێژوونامە، بەدوانزە/12بەرگ لە لایەن كومپانیای–عالم  
       المعرفە–بەچاپگیەندرا–كە چاپی سێیەمی بووە لە لوبنان.                 
15- ئینسكلۆپیدیای كوردستان وجیهان بەهەمان شێوەی مێژوونامەكە لە 
       دە/10بەرگ بە چاپگەینرا كە چاپی سێیەمیەتی لەلایەن هەمان كومپانیا لە لوبنان.
16- كوردستان لانكەی شارستانیێتەكان لەسێ‌/3 بەرگداو ئامادەیە بۆ چاپكردن 
       گەر توانای دارایی هەبێت.
17- كولتووری لادێ‌- كورتە شیكردنەوەیەك لە بواری كولتووری لادێكانی 
       كوردستان.
18- كوردستان وكورد لە مێژووی شارستانیێتەكاندا.
19- ئایین لە شارستانیێتەكانی كۆندا.
لە 6/8/2019 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

 (لە ئینسكلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر) وەرگیراوە كە لەلایەن عەبدولرەحمان مەعروفەوە ئامادەكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group