مۆنیكا بەشداری درامایەك دەكات لە بارەی پەیوەندیەكەی لەگەڵ كلینتۆن

07/08/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
مۆنیكا لوینسكی ئەو خانمەی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەهۆی ئاشكرابوونی پەیوەندیە سێكسیەكەی لەگەڵ بیل كلینتۆن سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا ناسرا، بەنیازە بەشداری لە دەرهێنانی فیلمێك لە بارەی ئەو رووداوەوە بكات.
بەپێی هەواڵێكی فۆكس نیوز مۆنیكای تەمەن 46 ساڵ بەشداری لە بەرهەمهێنانی ئەڵقەی سێهەمی درامای "چیڕۆكەكانی تاوانی ئەمریكی" دەكات، كە تایبەتە بە پەیوەندیەكەی خۆی و بیل كلینتۆن سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا.
لەو ئەڵقەیەی دراماكەدا خانمە ئەكتەر "بینیە فیلدیشتاین" رۆڵی مۆنیكا دەگێڕێت و بڕیارە دراماكە ساڵی داهاتوو، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا نمایش دەكرێت.
مۆنیكا لە ساڵی 1995 ەوە وەك فێرخواز لە كۆشكی سپی دەستبەكارببوو، لە پاش ماوەیەك پەیوەندیە سۆزداری و سێكسیەكەی لەگەڵ كلینتۆن ئاشكرابوو، كە بۆماوەیەكی زۆر بووە قسە و باسی میدیا و شەقام، نەك هەر لە ئەمریكا بەڵكوو لەسەرتاسەری جیهان و هەر بەهۆی ئەو رووداوەوە لێپێچینەوە لە سەرۆكی ئەمریكا كرا و دواجار لە ساڵی 1998 دانی بەوەدا نا كە پەیوەندی لەگەڵ مۆنیكادا هەبووە و بەهۆی هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ئەو پەیوەندیەش داوای لێبوردنی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group