"عەبدولمەهدی دەستكەوتەكانی عەبادی لەناوچە جێناكۆكەكانی پشتگوێخستووە"

12/08/2019 عێراق

نەوا


عەلی سنێد سەركردە لە ئیئتلافی نەسر دەڵێت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستكەوتەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی لەو ناوچانەی كە پێیان دەوترێت جێناكۆك پشتگوێخستووەو قبوڵی ناكەین.
سنێد لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، لەسەر عادل عەبدولمەهدی و سەرجەم هێزە سیاسیەكان پێویستە هۆشیار بن لە پشتگوێخستنی ئەو دەستكەوتانەی لەسەردەمی عەبادی لەناوچە جێناكۆكەكان بەدەستهاتووە، ئەوەش لەرێگەی سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لەو ناوچانەدا و گەڕاندنەوەیان بۆ بارودۆخی ئاسایی و پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی كۆمەڵایەتی.
وتیشی، هێزە نیشتمانیەكان پشتگوێخستنی هیچ دەستكەوێتك لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە قبوڵ ناكەن بەتایبەتی لەناوچە جێناكۆكەكان، لەو پێناوەشدا بەرەوڕووی هەر هەوڵێك دەوەستینەوە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە وتی، دوای جەژن گفتۆگۆكان لەگەڵ شاندی باڵای سەربازیی عیراقی بە مەبەستی پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكاندا دەستپێدەكەنەوەو ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبووە، هەلێكی زۆری بە چەكدارانی داعش داوە و خۆیان رێكخستوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group