عیراق بەشداریكردنی ئیسرائیل لەپاراستنی ئاسایشی ئاوەكانی كەنداو رەتدەكاتەوە

12/08/2019 عێراق

نەوا


محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عیراق رەتكردنەوەی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردنی ئیسرائیل لەپاراستنی ئاوەكانی كەنداوی عەرەبی راگەیاند و پێشی وایە بوونی هێزەكانی خۆرئاوا لەناوچەكەدا ئاڵۆزیەكان زیاتر دەكات.
محەمەد عەلی حەكیم لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، عیراق بەشداریكردنی پێكهاتەی جولەكە لەهەر هێزێكی سەربازی بۆ پاراستنی كەشتیەكان لەكەنداوی عەرەبیدا رەتدەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتانی كەنداو كۆكن لەسەر ئەوەی كەشتیەكان بە ئارامی بەكەنداودا تێپەڕن هەروەها لەرێگەی گفتوگۆوە هەوڵی ئەوەدەدەن بارودۆخەكە هێور بكەنەوە، بەڵام بوونی هێزە خۆرئاواییەكان لەناوچەكەدا گرژیەكان ئاڵۆزتر دەكات.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، چەندین وڵات لەهەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكدان بۆ پاراستنی ئەو كەشتیانەی بە كەنداوی عەرەبیدا تێپەڕ دەبن و بەهۆی بوونی چەند رووداوێك و دەستگرتن بەسەر كەشتیەكی بەریتانیدا لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەو وڵاتە بەمەترسی دەزانن بۆ سەر كەشتیە بازرگانیەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group