عیراق نایەوێت ئیسرائیل بچێتە كەنداوی بەسرە

پێش 1 هەفتە عێراق
محەمەد الحەكیم وەزیری دەرەوەی عیراق

نەوا
عیراق رایگەیاند، قبوڵی ناكات ئیسرائیل لەهیچ هێزێكدا بەشداریبكات كە بۆ دەستەبەركردنی تێپەڕینی كەشتییەكان بە كەنداوی بەسرەدا بە سەلامەتی پێكدەهێنرێت.
محەمەد الحەكیم وەزیری دەرەوەی عیراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەرەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو نووسیویەتی، "عیراق رەتیدەكاتەوە ئیسرائیل لەهەر هێزێكی سەربازیدا بەشداریبكات كە بۆ دەستەبەركردنی تێپەڕینی كەشتییەكان بە سەلامەتی بەكەنداوی بەسرەدا پێكدەهێنرێت".
حەكیم ئاماژەی بەوەداوە كە دەتوانرێت ئاسایشی تێپەڕینی كەشتییەكان لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە دەستەبەربكرێت و وڵاتەكەی لەزنجیرەیەك دانوستانی بێدەنگدا لەهەوڵی كەمكردنەوەی گرژییەكاندایە.
محەمەد حەكیم جەختیشیكردووەتەوە، بوونی هێزە رۆژئاواییەكان لە كەنداودا، گرژییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات.
هەوڵەكانی حكومەتی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی هاتوچۆ لە گەروی هورمز و بابولمەندەب، جگە لە بەریتانیا لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە رەتكرایەوە.
ئیسرایل كاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبوو، حكوومەتی تەلئەبیب بەشێكە لەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی ئەمریكا هەوڵدەدات لە كەنداو پێكیبهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group