دادگای سلێمانی سزای لە سێدارەدانی بۆ بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەركرد

12/09/2019

نەو-رۆژیار سیروان-سلێمانی
ئەمرۆ پێنجشەممە لە دانیشتنی دادگای سلێمانی بریاری لە سێدارەدان بۆ هەر سێ تاوانباری سەرەكی بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەركرا.
حاجی مەولود مارف خاڵی تاریقی بەقاڵ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی: "لەیەكەم دانیشتنی دواخراوی بكوژانی تاریقی بەقاڵدا ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بكوژانی تاریق دەركرد، سزاكەش بەشێوەیەكە لەسێدارەدان تا مردن".
خاڵی تاریق ئەوەشی ڕونكردەوە، "یەكێك لەئەنجامدەرانی تاوانەكەش ڕایگەیاند كە ئەو بێتاوانە، بەڵام دوو تاوانبارەكەی دیكە وتیان ئەویش بەشداربوەو پێكەوە تاوانەكەمان ئەنجامداوە، بەڵام داوادەكەین دادگا لێمان ببورێت".
سەبارەت بەو گرژیەشی لەناو دادگا دروستبوو، حاجی مەولود وتی:"ئێمە لەناو دادگا بوین كاتێك تاوانباران برانە دەرەوە، ئێمەش ناڕەزاییمان دەربڕی، دواتر دادوەر جەختیكردەوەو پێیڕاگەیاندین هیچ نابێت ڕوبدات كەمێكی دیكە بڕیار دەدرێت، ئەوەبوو هەرسێ تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا".
باسی لەجێبەجێكردنی سزاكەش كردو وتی:"داوا لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەرچی زوە ئەو سزایە جێبەجێبكرێت و تاوانباران بەسزای ڕەوای خۆیان بگەن".
تاریقی بەقاڵ لەمانگی 12ی ساڵی 2018 لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرا، لەڕۆژی 7- 4- 2019 لەكاتی ئاشكراكردنی دەستگیركردنی باندێكی مەترسیداردا لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە، ئاشكرابوو كە لەلایەن ئەو باندەوە تاریق ڕفێندراوە، دوای ئەوەی دوو فیشەكیان بەقاچیەوە ناوە، دواتریش بەجامانەكەی ملی خنكاندویانە.
هەر ئەو باندە، لەكاتی دەستگیركردنیاندا دانیان بەوەدا نا كە ئەوان (تاریقی بەقاڵ)و (مەریوان دارا)یان لەسلێمانی كوشتوە.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group