ئەنجومەنی ناوەندی: یەكێتی خۆی بۆ سێ گۆڕانكاری و پرسی گرنگ ئامادە دەكات

12/09/2019
نەوا
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆبونەوەی فراوانی خۆیدا بە میوانداری وەفدێكی هاوبەشی مەڵبەندی كەركوك و خانەقین كە پێك هاتبوون لە "ئاسۆ مامەند، خالید شوانی و م. موحسین عەلی ئەكبەر" دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی قۆناغی دوای بریاردان لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەو گرنگی و هەستیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئامادە كارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەلاغێكی بڵاوكردەوە:

كەسوكاری سەربەرزی  شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
هەڤاڵانی (ی.ن.ك)
سڵاوێكی گەرم .....

لە ئەنجامی هەوڵ و كۆششێكی بەردەوامی ئەنجومەنی ناوەندی و بە پشتیوانی هەڤاڵان و دڵسۆزانی (ی.ن.ك) سەرئەنجام ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە بڕیارێكی مێژووی بەرپرسیارانەدا دڵی یەكێتیەكانی خۆش كردوو نەیارانی یەكێتی توشی شۆك بوون لە دوای ئەو بڕیارەی یەكێتی خۆی بۆ سێ گۆرانكاری و پرسی گرنگ ئامادە دەكات كە پەیوەستن بە ئایندەی یەكێتی و ئایندەی گەلی كوردستان بە گشتی، ئەوانیش بریتین لە :-
1. خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی یەكێتیانەی سەركەوتوو كە ببێتە هەوێنی نوێبونەوەو كۆكردنەوەی یەكێتی .
2. خۆ ئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و ناوچەدابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان.
3.  پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و كاریگەریەكانی لەسەر ئایندەو چارەنوسی گەلی كوردستان لە "كەركوك، خانەقین، دووز خورماتوو، مەخمور، دەشتی نەینەواو شەنگال" ئەم سێ پرسە گرنگە ئەركێكی نوێ دەخاتە سەر شانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
بۆیە داوادەكەین كە :-
• هەڤاڵانی سەركردایەتی بە گیانێكی هەڤاڵانەو بە ئیرادەیەكی هاوبەش هەموو هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەر بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە لە كاتی دیاری كراوی خۆیداو بۆ ئەو مەبەستە داوا لە لیژنەی باڵاو لیژنە فەرعیەكان دەكەین لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.
• ئەم قۆناغە زیاتر لە هەركاتێكی دیكە وادەخوازێت كە پێویستە یەكێتی ناویەكێتی پارێزراو بێت و سەرجەم ئۆرگان و هەڤاڵانی یەكێتی  هاوكارو هەماهەنگی بكەن بۆ سەر خستنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرە.
• پەیامی فەرمی یەكێتی بۆلایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پێكهێنانی لیستی هاوبەش لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە یەكێتی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و یەك ریزی و تەبایی گەلی كوردستان هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانی خستۆتە پێش بەرژەوەندیە حزبیەكانی خۆی.
• بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە كەركوك وا دەخوازێت پەلە بكرێت لە جێبەجێ كردنی رێككەوتنامەی سیاسی لە نێوان یەكێتی و پارتی و دانانی پارێزگارێكی كوردو بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
• پێویستە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە كەركوكو ناوچە دابڕێنراوەكان بە ئیرادەیەكی هاوبەشو وەكو یەك تیم هەموو تواناكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دا بەرژەوەندی گەلی كوردستان لەو ناوچانە پارێزراو بێت و بۆ ئەو مەبەستە میدیای كوردی رۆڵێكی ئەرێنی بێت و هاووڵاتیانی رەسەنی ئەو ناوچانە هان بدەن كە لە رۆژی سەرژمێری دا لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە ئامادە بن چونكە ئەم سەرژمێریە چارەنوس و ئایندەی ئەو ناوچانە دیاری دەكات.
لەكۆتایدا جارێكی دیكە ئەو راستییە دووپاتدەكەینەوە كە ئەنجومەنی ناوەندی  وەك هەمیشە پارێزەری یەك ڕیزی و تەبایی ناو یەكێتی دەبێت و هەموو هەوڵەكانی تەرخان دەكات لە پێناو سەرخستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوانەو یەكێتیانە ،لە كۆتایدا وەك سەرۆك (مام جەلال ) فەرمویەتی "مانەوەمان، گەشەكردنمان، سەروەریمان، بەندە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە"..

 ئـــــــەنجــــــومەنــــــی نــــــاوەنــــــــدی (ی.ن.ك)
2019-9-12

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group