102 فیلمی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆكدا نمایش دەكرێن

13/09/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
ماوەی پێنج رۆژە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بەردەوامە و تا ئێستا 70 كورتە فیلم، درێژە فیلم و فیلمی دۆكیومێنتاری نمایشكراون و بڕیارە 32 فیلمی دیكەش نمایش بكرێن.
لەوبارەیەوە سوندس ئیسماعیل بەرپرسی خۆبەخشانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لەلێدوانێكدا لەبارەی بەشداربوونی ئافرەت لە فێستیڤاڵەكەدا وتی " فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك رۆژانە لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی زانكۆی دهۆك و دهۆك مۆڵ بەڕێوەدەچێت و تائێستاش زیاتر لە 500 ئافرەت بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كردوە و چاوەڕوان دەكرێت بەشدارییان زیاتر بێت".
ئاماژەی بەوەشدا ئەو ئافرەتانەی لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن لە ئەكتەر، سینەماكار، دەرهێنەر، خۆبەخش و بینەر پێكهاتوون و وتی "سێ دەرهێنەری بیانی، 25 ئەكتەر و سینەماكاری ئافرەتی كورد و بیانی لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن، لە كۆی 120 خۆبەخش 40 كچ و ژن كە ئافرەتی بە ئەزموون و دەرچووی كۆلێژە جیاجیاكانن، خۆبەخشانە كاردەكەن بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك".
سوندس ئیسماعیل كە خۆی بەرپرسی ئافرەتە خۆبەخشەكانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆكە رۆڵی ئافرەت و پێشوازی ئافرەت لە فێستیڤاڵەكە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت "نیشانەی سەركەوتنی فێستیڤاڵەكەیە، كە دەبینین ساڵ دوای ساڵ بەشداری ئافرەت بەرەو زیادبون دەچێت".
زیاتر لە 50 پێشمەرگەی ئافرەت وەكو بینەر بەشدارییان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك كرد، بەشداری ئەو ئافرەتە پێشمەرگانە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە فیلمێك لەبارەی پێشمەرگە لە فێستیڤاڵەكەدا نمایش كرا.
ڤیان مایی سینەماكاری كورد و دامەزرێنەری یەكەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لەبارەی بەشداری ئافرەت لە فێستیڤاڵەكەدا وتی "شانازی بەخۆم دەكەم كە دەبینم بیرۆكەكەم تا ئێستا كاری پێدەكرێت و ساڵانە بەرەو پێش دەچێت، بەشداریی ئافرەت لە فێستیڤاڵەكەدا پەیامێكی گەورە و گرنگە و ئەوە دەگەیەنێت كە ئافرەتانی كورد بە توانان و دەیانەوێت بە هونەر و سینەما و پاڵپشتی كردنی سینەماكاران خزمەت بە وڵاتەكەیان بكەن".
ئافرەتێكی بیانی بە جلوبەرگی كوردییەوە پێشكەشكاری زمانی ئینگلیزی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆكە، ئایا ئەمە لاوازی ئافرەتی كورد نیشان نادات؟ بۆچی ئافرەتێكی كورد بەم ئەركە هەڵنەستا؟ ئەو سینەماكارە نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی "بێگومان ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەكە ئەنجامیانداوە، چونكە ئافرەتانی كورد لێهاتون و توانای ئەوەشیان هەیە فێستیڤاڵ بە زمانی ئینگلیزی و زمانەكانی دیكەش پێشكەش بكەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group