لیستی بژاردە سەربازیەكان لە دژی ئێران دەخرێتە بەردەم ترامپ

20/09/2019 جیهان

نەوا
ئاژانسی ئەسۆشیتدپرێس بڵاویكردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بژاردە سەربازیەكان لە دژی ئێران دەخەنە بەردەم سەرۆكی وڵاتەكەیان.
ئاژانسەكە بڵاویكردۆتەوە، بۆ تاوتوێ كردنی چۆنێتی وەڵامدانەوەی بەشداری ئێران لە هێرشی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە، لە كۆشكی سپی كۆبوونەوەی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت.
بڵاویشیكردۆتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لیستێك لە بژاردە سەربازیەكان لە دژی ئێران دەخەنەڕوو، كە تیایدا چەندین بنكە سەربازی ئێران دیاریكراون بۆ ئەوەی هێرشیان بكرێتەسەر.
هەربەگوێرەی ئەو هەواڵە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا باسی كاردانەوەكانی ئێران و مەترسیەكانی هەڵگیرسانی جەنگیش دەكەن، بەهۆی ئەو گورزانەی بڕیارە واشنتۆن لە تارانی بوەشێنێت.
رۆژی شەممەی رابردوو دوو كارگەی نەوتی سعودیە هێرشیان كرایەسەر و ریاز و واشنتۆن ئێرانیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار كرد.
سعودیە باسی لەوەكردووە بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەبەردەستدایە بۆ سەلماندنی تێوەگلانی ئێران لەو هێرشانە، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاش لە رۆژانی رابردوودا باسی لەوەكردبوو، ئەگەر بسەلمێنرێت چ لایەن لە پشت هێرشەكانەوە بووە، گورزی سەربازی لێدەوەشێنن.
ئێران وێڕای رەتكردنەوەی رۆڵی خۆی لەو هێرشانەی كراونەتە سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە، لە هەمان كاتدا هۆشداری توندی داوە لە هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر وڵاتەكەی.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group