شارەوانی دهۆك: پرۆژە راگیراوەكان وەك خۆیان ماونەتەوە و كاریان تێدا ناكرێت

23/09/2019


نەوا-لاڤە كوردە 
بەڕێوەبەری شارەوانی دهۆك رایدەگەیەنێت، 15 پرۆژەی خزمەتگوزاری بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون و تائێستاش كاركردن تێیاندا دەستیپێنەكردۆتەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆكیش دەڵێت "چەندین پاڵاوگە سزادراون".
ئیسماعیل مستەفا بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی دهۆك لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە، كە كاریگەری لەسەر هەموو جومگەكان هەبوو، شارەوانی دهۆكیش بێبەش نەبو، هەربۆیە نزیكەی 15 پرۆژەی خزمەتگوزاری كە گوژمەكەیان 8 ملیار دینار بوو، راگیران و تا ئێستاش كاركردن تێیاندا دەستیپێنەكردۆتەوە، بەڵام لەئێستادا 5 پرۆژەی نوێ هەیە و كاریان تێدا دەكرێت، كە سێ ئەندەرپاس و دوو شەقامی سەرەكین".
هەر لە بەرنامەكەدا دەربارەی ژینگەی پارێزگاكە و پرسی پاڵاوگە نایاساییەكان، محەمەد بریفكانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆك وتی "بەردەوام بەدواداچون بۆ پاڵاوگەكان دەكەین و بەپێی رێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2018 توانیومانە سزای دارایی نۆ پاڵاوگە بدەین و شەش پاڵاوگەی دیكەش بڕیارە سزابدرێن، كە سزاكە لەلایەن دادگاوە دیاریدەكرێت، چوار پاڵاوگەی دیكەش بڕیارە بدرێنە دادگا، چونكە پێنج جار سەردانمان كردون و هیچ مەرجێكیان جێبەجێنەكردوە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group