كاردانەوەكان لەدژی هێرشی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا پەرەدەستێنن

09/10/2019 جیهان

نەوا
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا بەرەوڕووی ناڕەزایەتی و سەركۆنەكردن بووەتەوە و بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەو بارەوە گرێ بدات.
دوای ئەوەی چەند وڵاتێك لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا وەك دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایان كرد ئەنجومەنەكە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و نائاسایی تایبەت بە دۆخی باكوری سوریا و هێرشەكانی توركیا ساز بكات، چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ بڵاویانكردەوە، رۆژی پێنج كۆبوونەوەكە بەڕێوەدەچێت.
لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی میسر وێڕای ئیدانەكردنی هێرشەكانی توركیا، ئەو هەنگاوەی بە دوژمنكارانە و بەزاندنی سەروەری دەوڵەتێكی عەرەبی ناوبردووە و داوای كردووە كۆمكاری عەرەبی بەپەلە لە سەر ئەو بابەتە كۆببێتەوە.
هاوكات هەر یەك لە ئەڵمانیا، ئیتالیا، دانیمارك، هۆڵەندا، یەكێتی ئەوروپا و پەیمانی باكوری ئەتڵەسی لەگەڵ سەركۆنەكردنی توركیا داواشیان كردووە دەستبەجێ هێرشەكان بۆ سەر باكوری سوریا رابگیرێن.
رۆژی چوارشەممە توركیا و گروپە سوریەكانی هاوپەیمانی هێرشێكەكانیان بۆ سەر ناوچە كوردیەكانی باكوری سوریا دەستپێكرد.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group