بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق: ناتوانرێت هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجامبدرێت

10/10/2019 عێراق
نەوا 
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، ناتوانرێت هەڵبژاردنی پیش وەختە ئەنجامبدرێت، جونكە كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە 220 رۆژ هەیە.
رزگار حاجی حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندووە، "هەڵبژاردنی پێش وەختە پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە، تا ئێستا ئێمە بەفەرمی هیچ شتێكمان بەدەست نەگەیشتووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق". دەشڵێت" وەك دەزانرێت هەموو توانا و هێزی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، هەموو هەڵبژاردنێك بەنزیكەیی پێویستی بە دووسەد و 20 رۆژ هەیە كە ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەر لەتۆماركردنی ناوی قەوارە و لایەنەكانی بەشدار لەهەڵبژاردنەكان، ناوی كاندیدەكان و بەدواداچونی خۆیان و بڕوانامەكانیان ئامادەكاری وەرەقەی دەنگدان، چونكە لە عیراقدا 24 ملیۆن دەنگدەر هەیە".
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەشكردوە" بەهیچ شێوەیەك ئێمە ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخەین، چونكە ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە و لەهەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان رۆژی 1-4-2020 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكراوەو ئێستا لەسەر ئێمە بۆتە یاسا و "مولزەم-ین" بەجێبەجێ كردنی".
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عیراق لە یەك كاتدا،  جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق وتی" ناكرێت بە هیچ شێوەیەك، چونكە ئێمە هەنگاوی زۆرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بڕیووە، كۆمەڵێك گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە بۆ پێداویستیەكانی هەڵبژاردن ناتوانرێت ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنرێتەوە یا زیاد بكرێت، كۆمسیۆنیش بەرنامە و ئامادەكاری تەواوی داڕشتووە كەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت، ناكرێت بێیت پلانی دووەم دابنرێت، چونكە یەك مەكتەبمان هەیە كە ئەركی جێبەجێكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانت پێ سپاردووە ناكرێت لەم قۆناغەدا بوترێت وەرە ئەركی دووەمیش جێبەجێ بكە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group