لوبنان..خۆپیشاندان دژی خراپی دۆخی ئابوری بەردەوامە

18/10/2019 جیهان

نەوا
خۆپیشاندان لە دژی قەیرانی دارایی و خراپی گوزەران لە لوبنان بەردەوامە.
خۆپیشاندانەكە رۆژی پێنج شەممە دوای ئەوە دەستیپێكرد كە حكومەتی لوبنان رایگەیاند، باج بەسەر پەیوەندیەكان لە رێگەی واتسئاپیشدا دەسەپێنێت.
حكومەتی لوبنان دەیەوێت لەڕێگەی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە وە ساڵانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دابینبكات، هاوكات چەند ڕێكخراوێكی بواری ئەلیكترونی ئاماژەیان بەوەكردووە، هەنگاوەكەی حكومەتی لوبنانی “نایاساییە”، چونكە لە بنەڕەتدا ئەو خزمەتگوزاریانە بە خۆڕایین، داواشیان كرد حكومەت بە زووترین كات پاشگەز بێتەوە.
رۆژی هەینیش لە درێژەی ناڕەزایەتیەكان، خۆپیشاندەران لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران لە بەیروت كۆبوونەوە و لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنیەكان پێكدادان روویدا.
خۆپیشاندەران چەند رێگەیەكی سەرەكی بەیروتیان داخستووە و داوای لەكارلادانی حكومەتی لوبنان دەكەن بە سەرۆكایەتی سەعد حەریری.
بەهۆی كورتهێنانی زۆر لە بودجە حكومەتی لوبنان لە رێگەی گرتنەبەری سیاسەتی سكهەڵگوشینی ئابوریەوە هەوڵی كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهات دەدات، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری هاوڵاتیانی لێكەوتوەتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group