سوپای پاسداران: گۆڕانكاری لە چەك و ئامێرەكانماندا دەكەین و چەكی نوێ دەهێنینە گۆڕەپانەكەوە

33 خولەک پێش ئێستا جیهان
نەوا-
حسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسداران لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)ی فەرمیی ئێرانی ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و تاقیكردنەوەی ئامێری سەربازیی مۆدێرن،  سەبارەت بە پرسی دانوستانیش باسی لەوەكرد، ئەگەر بەرژەوەندیی وڵات بڕیار بدات، دانوستان دەبێتە بەشێك لە جەنگ، بەو پێیەی دانوستان بە مانای سازش و ئاشتی نایەت، بەڵكو گۆڕەپانێكی دیكەی جەنگە بە وشە، بەڵگە و ڕێگەی دیپلۆماسی، كە دەبێت كۆماری ئیسلامی ئامادەیی بۆ هەردووكیان هەبێت.
وتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداری دا لەوەی كە جەنگ كۆتایی نەهاتووە و دەڵێت، گۆڕانكاری لە چەك و ئامێرەكانماندا دەكەین و چەكی نوێ بە توانای نوێوە دەهێنینە گۆڕەپانەكەوە، بە جۆرێك جیهان بە هێز و وردپێكانی چەكەكانمان سەرسام دەبێت. 
موحیبی جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو وێنایەی بۆ باڵادەستیی تەكنەلۆژیای ئەمریكا دەكرا، لە چەكەكانی وەك فڕۆكەی (ئێف 35)، سیستەمی پاتریۆت، ژێردەریایی و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، لە بەرامبەر توانای هێرشبەری و بەرگریی ئێراندا شكستی هێناوە و بێبایەخ بووە.
لە كۆتاییدا ئاشكرای كرد، بەهۆی كەوتنەبەر هێرشی موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران، تەواوی بنكەكانی ئەمریكا لەكاركەوتوون، ئەمەش وای لە واشنتن كردووە بە ناچاری هێز و ئامێرەكانی بۆ بنكەی دوورتر بگوێزێتەوە لەوانەش بۆ بنكەی ئەزڕەق لە ئوردن، ناوچەكانی نزیك ئیسرائیل و كەنداوی عەقەبە لە سوریا، بەڵام وەك ئەو دەڵێت: لەو شوێنانەش ئاسایشیان پارێزراو نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group