حەسەن نەسروڵڵا دژی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی ئێستای لوبنانە

19/10/2019 جیهان

نەوا
حەسەن نەسروڵڵا سەركردەی حزبوڵای لوبنانی لەگەڵ ئەوەی حكومەت بە بەرپرسیاری قەیرانی ئێستای وڵاتەكە و دروستبونی خۆپیشاندانەكان دەزانێت، بەڵام دژی ئەوەیە حكومەتی ئێستای لوبنان دەستلەكاربكێشێتەوە.
لە میانی وتەیەكیدا كە لە مەراسیمێكی چلەی ئیمام حسێن پێشكەشیكرد، حەسەن نەسروڵڵا سەركردەی حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند، لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی ئێستادا نین، چونكە ئەگەر ئەم حكومەتە دەستلەكاربكێشێتەوە، دیار نییە حكومەتی داهاتو بە ساڵێك و دوو ساڵ پێكدەهێنرێت یان نا.
نەسروڵڵا دژی حكومەتی تەكنۆكراتیشە و پێی وایە "ناتوانێت دوو هەفتە بەرگە بگرێت"، بۆیە پشتگیریی بەردەوامبونی حكومەتی ئێستای لوبنان دەكات، بەڵام "بە رۆح و بەرنامەیەكی نوێوە"، بێ ئەوەی ئەو بەرنامە نوێیە روونبكاتەوە كە دەبێت چۆن بێت.
حزبوڵای لوبنان لە پێكهێنانی حكومەتی ئێستای لوبناندا بەشدارە و سێ وەزیری هەیە، لایەنێكی سەرەكیی پرۆسەی حكومڕانیی لوبنانە.

چەند رۆژێكە بەهۆی خراپیی دۆخی ژیانی خەڵكەوە، لە لوبنان خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەستیپێكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group