روسیا و توركیا لە بارەی باكوری سوریاوە رێككەوتنێكیان راگەیاند

پێش 4 هەفتە جیهان

نەوا
دوابەدوای كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەردوو وڵات، روسیا و توركیا رێككەوتنێكیان لە بارەی دۆخی باكوری سوریاوە راگەیاند، بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی توركیا لە ناوچەكانی نێوان گرێسپی و سەرێكانی دەمێننەوە و لە چەند ناوچەیەكیش هێزەكانی ئەنقەرە و مۆسكۆ دەورییەی هاوبەش پێكدەهێنن.
رۆژی سێ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی روسیا كرد و لەگەڵ ڤیلادمیر پۆتن سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ چەند كاتژمێر لەسەر رەوشی باكوری سوریا كۆبوەوە و دوای كۆبوونەوەكە پۆتن رایگەیاند، گەیشتونەتە رێككەوتنێكی چارەنوسساز بۆ رەوشی سوریا،  وتیشی، كورد بەشێكی گرنگی سوریایە و نابێت پشتگوێ بخرێن.
لە رێككەوتنی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە جەخت لە هەوڵەكانی هەردوولا بۆ بەرەنگاربوونەوە رێكخراوە جوداخوازیەكان كراوەتەوە و پابەندبوونی خۆیشیان بە یەكپارچەیی خاكی سوریا نیشانداوە.
هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو، كە هێزەكانی توركیا لەو شوێنانە دەمێننەوە كە دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەوەش مەبەست لە ناوچەكانی نێوان گرێ سپی و سەرێكانیە.
لەبڕگەیەكی تری رێككەوتنەكەدا هاتووە، بۆ ماوەی 150 كاتژمێری دیكە ئاگربەست رادەگەیەنرێت، بۆ ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لەو ناوچەیە دوربكەونەوە كە توركیا بە ناوچەی ئارام ناوی دەبات.
هەر بە پێی ئەو رێككەوتنە دەبێت شەڕڤانان لە منبج و تل رەفعەت بكشێنەوە و سوپای روسیا لە سەرجەم ناوچە سنوریەكان جگە لە قامیشلۆ دەوریەی هاوبەش لەگەڵ سوپای توركیا ئەنجام دەدەن.
بەردەوامبوونی كارەكانی كۆمیتەی نوسینەوەی دەستور ی هەمیشەیی سوریا و گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەدەنەی ساڵی 1998 لەو خاڵانەی تربوون كە روسیا و سوریا لەسەری رێككەوتوون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group