نەوا
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پورتوگالی دان بەوەدا دەنێت، كە ركابەریكردنی لەگەڵ لیۆنێل میسی بەهرەمەندی ئەرجەنتینی سودی بۆ هەردووكیان هەبوە و وایكردوە باشترببن.
رۆناڵدۆ لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری "فرانس فوتبۆڵ"ی فەرەنسی ئاماژەی بەوەكردوە، كە زۆر كەس پێیوایە خۆی و میسی هاندەری یەكتربون و بونیان لە ئیسپانیادا پێكەوە وایكردوە باشترببن، بە ئاستێكی بەهێز دەربكەون و بۆچونی ئەو خەڵكەش راستە.
وتیشی "كاتێك لە مەدرید بوم هەستم بەوە دەكرد نزیكە لێمەوە، ئەوەش كەمێك گوشاری زیاتری لەسەر دروستدەكردم بەراورد بەوكاتەی لە مانچستەر یونایتد بوم، ركابەرییەكەشمان تەندروست بوو".
رۆناڵدۆ ئاماژەی بەوەكردوە، كە بەمدواییانە میسی باسی لەوەكردوە بۆ پرسی ركابەری بیری دەكات، بەڵام ئەستێرەكەی مادێرا دەڵێت "سەرەڕای ئەو قسەیەی میسی، بەڵام پاڵنەرەكانم پەیوەندی بە كەسانی دیكەوە نییە، بەڵكو دەمەوێت بۆ هەمیشە لە لوتكەدا بم".