خۆپیشاندانەكان، عیراق لە میوانداریكردنی یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیال بێبەش دەكات

06/11/2019 وەرزش

نەوا
لە پاش بڕیارەكەی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان "فیفا" بۆ هەڵوەشاندنەوەی میوانداریكردنی یارییەكانی پاڵاوتنی دوو لایەنەی گەیشتن بە مۆندیالی 2022 و جامی ئاسیای 2023 لە یاریگای بەسڕەی باشوری عیراق، یەكێتیی تۆپی پێی وڵاتەكە بە ناچاری وڵاتێكی دراوسێ بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەكات.
لەوبارەیەوە عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق رایگەیاند، یاریگاكانی ئوردن-یان هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی میوانداری یارییەكانی عیراق بكات لە بەرانبەر ئێران و بەحرێن لە چوارچێوەی پاڵاوتنی دوولایەنەی گەیشتن بە مۆندیال و جامی نەتەوەكانی ئاسیا.
وتیشی "نوسراوی فەرمیمان بۆ یەكێتیی تۆپی پێی ئوردن كردوە بۆئەوەی رەزامەندی نیشان بدات لەسەر تەرخانكردنی یاریگایەكی عەممان بۆ ئەوەی روبەڕوی هەر دوو هەڵبژاردەی ئێران و بەحرێن ببینەوە".
لە سەرەتای مانگی 10ی رابردوەوە دۆخی عیراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە خراپ تێكچوە و رۆژانی 14 و 19ی ئەم مانگەش هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق دوو یاری گرنگی پاڵاوتنی دوو لایەنەی هەیە و لە گروپی سێیەمدا سەرۆكایەتی هەڵبژاردەكان دەكات، كە لە سێ یاریدا توانیویەتی 7 خاڵ لە دوو بردنەوە و یەكسانبونێكدا بەدەستبهێنێت و بە جیاوازی گۆڵ پێش بەحرێن-ی خاوەنی پلەی دووەمی بكەوێت.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group