ئه‌ردۆغان: 50 په‌رله‌مانتاری كورد له‌ فراكسیۆنی ئاكه‌په‌دان

14/11/2019 جیهان

نه‌وا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و كورد بە "باش" وەسفدەكات، پەیوەندییە بازرگانییەكانی واشنتۆنیش لەگەڵ ئەنقەرە لە 20 ملیار دۆلارەوە بەرزدەكاتەوە بۆ 100 ملیار دۆلار. ئەردۆغانیش وتی " نزیكەی 50 پەرلەمانتاری كورد لە پارتەكەی من بونیان هەیە".

 دوای كۆتاییهاتنی كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سه‌رۆك كۆماری توركیا، دۆناڵد ترامپ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا و تێیدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتی "كۆبونه‌وه‌كه‌مان به‌رهه‌مداربوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان گفتوگۆی راشكاوانه‌مان كرد، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی دۆخی سوریا".
سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات زیاتر بكه‌ن و قه‌باره‌ی بازرگانی بگه‌یێننه‌ 100 ملیار دۆلار.
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریكا و كورد، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند "په‌یوه‌ندی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه‌، به‌ سه‌ركه‌وتویی شه‌ڕی داعشمان ئه‌نجامدا و چه‌كی باشمان پێداون". 
لای خۆیه‌وه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌ندێك لایه‌نی به‌ هه‌وڵدان بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندیی نێوان توركیا و ئه‌مریكا تۆمه‌تباركرد، بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ لایه‌نێك بهێنێت، سوربونی وڵاته‌كه‌شی بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌ربڕی.
له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆ باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا، ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ كرد "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌مان بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌، یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ بوه‌، ئه‌گه‌ر نا، له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانمان له‌ باكوری عیراق په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆرباشه‌، له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانمان له‌ باكوری سوریاش هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌".
ئه‌ردۆغان وتیشی "له‌ ئێستادا له‌ په‌رله‌مانی توركیا نزیكه‌ی 50 په‌رله‌مانتاری كورد له‌ پارته‌كه‌ی من بونیان هه‌یه‌، ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا نییه‌".
سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، 370 هه‌زار په‌نابه‌ری سورییان گه‌ڕاندۆته‌وه‌ ناوچه‌كانیان، پلانی وڵاته‌كه‌شی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ بۆ سوریا ئاشكراكرد.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی تایبه‌ت به‌و نامه‌یه‌ی كه‌ پێشتر ترامپ بۆی ناردبو و له‌كۆتاییدا بۆی نوسیبو "بێمێشك مه‌به‌"، ئه‌ردۆغان وتی "ئه‌مڕۆ گه‌ڕاندومه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆك ترامپ"، بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریی زیاتر ئاشكرابكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group