نه‌وا
عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سوره له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری گرانكردنی نرخی به‌نزین، بڕیاریشه په‌رله‌مانی ئێران كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له له‌سه‌ر گرانكردنی نرخی به‌نزین ئه‌نجامبدات.
ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی ئێران لێدوانێكی به‌ناوی عه‌لی خامنه‌یی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاندوه، پێویسته بڕیاری زیادكردنی نرخی به‌نزین جێبه‌جێبكرێت، "دژبه‌رانی شۆڕش" و "دوژمنان"یشی به ئه‌نجامدانی كاری تێكده‌رانه و دروستكردنی گرژی تۆمه‌تباركرد، بێ ئه‌وه‌ی دیارییبكات "دژبه‌رانی شۆڕش" و "دوژمنان" كێن.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیاره ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه په‌رله‌مانی ئێران كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له له‌سه‌ر بڕیاری حكومه‌ت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ئه‌نجامبدات، كه ناڕه‌زایه‌تی زۆری خه‌ڵكی لێكه‌وتوه‌ته‌وه و له زۆربه‌ی شاره‌كانی وڵاته‌كه‌شدا خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی به‌دوای خۆیدا هێنا.
دوێنێش هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، حكومه‌ت و دادوه‌ریی ئێران كۆبونه‌وه، جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی هه‌رسێ لایه‌ن كرد له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرسه‌كان، به‌تایبه‌تی پرسی گرانكردنی نرخی به‌نزین و سوربون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه وه‌كخۆی.
سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئێران دوپاتیانكرده‌وه ئه‌و هه‌نگاوه به‌رجه‌سته‌كردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ 60 ملیۆن ئێرانی، كه داهاتیان سنورداره، به‌تایبه‌تی رێگریكردن له به‌هه‌ده‌ردانی سوته‌مه‌نی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و رێكخستن و ئیداره‌دانی به‌كارهێنانی سوته‌مه‌نی.
له هه‌ینییه‌وه شه‌پۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێرانی گرتوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی سێ هێنده‌ی نرخی به‌نزین، به‌جۆرێك نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی پاڵپشتیكراوی حكومی بۆ 1500 تومه‌ن و به‌نزینی ئاسایی بۆ 3000 هه‌زار تومه‌ن و به‌نزینی سوپه‌ر بۆ 3500 تومه‌ن به‌رزكراوه‌ته‌وه، كه به‌راورد به نرخی پێشوی سێ هێنده زیادیكردوه.