پەرلەمانتارێكی سائیرون: پرۆژەیاسای هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە

22/11/2019 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند، ئەو پڕۆژە یاسایەی هەڵبژاردن، كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان رەتدەكەنەوە، دەشڵێت، پرۆژەیاساكە پێچەوانەی رێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مەرجەعیەتی باڵایە
سەلام شەممەری پەرلەمانتاری سائیرون  لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لەعێراق جەختی لەسەر بەردەوامبون لە بەدیهێنانی داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەران كردۆتەوە نەك نوسینی چەند یاسایەك كە پرسی بەشبەشێنە بەهێز بكات.
ئەو پەرلەمانتارە لەو بڕوایەدایە، كە حكومەت هەوڵی كوشتنی كات دەدات بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، ئەوەش سەرباری هەڵسوكەوتەكانی دیكەی كە بۆتە هۆی كوژران و برینداربونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران.
جەختیشیكردۆتەوە، ئیرادەی حزبە سیاسییەكان و مانەوەیان لەدەسەڵات لەڕێگەی ئەو پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادە كراوەو بۆ پەرلەمان نێردراوە، رەنگیداوەتەوە كە ئەوەش پێچەوانەی رێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مەرجەعیەتی باڵایە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group