نەوا
جایێر بۆلسۆنارۆ سەرۆكی بەڕازیل، لیۆناردۆ دیكاپریۆ ئەكتەری بەناوبانگی هۆڵیود تۆمەتباردەكات بەوەی هاوكاری مادی ئەو رێكخراوانە دەكات، كە دەستیان لە سوتاندنی دارستانەكانی ئەمازۆندا هەیە.
بۆلسۆنارۆ لەوتەیەكدا لەبەردەم هەوادارانیدا، ئەستێرەكەی هۆلیودی تۆمەتبار كردو بە گاڵتەپێكردنەوە وتی "دیكاپریۆ پیاوێكی زۆرباشە، وا نییە؟ ئەو پارە دەدات بۆئەوەی دارستانەكانی ئەمازۆن بسوتێنرێن".
ئەو تۆمەتباركردنە لەكاتێكدایە، دامەزراوەكەی لیۆناردۆ دیكاپریۆ بەناوی "ئێرس ئەلیانز"ی تایبەت بە پاراستنی ژینگە بەڵێنی داوە 5 ملیۆن دۆلار بدات بۆ پاراستنی دارستانەكانی ئەمازۆن، كە لە مانگی 7 و 8ی ئەمساڵدا ئاگریان گرت و بەشێكی زۆریان لێ سوتا و ئەوەش جیهانی هێنایە دەنگ.
لێدوانەكانی سەرۆكی بەڕازیل دوای ئەوەدێت پۆلیسی ئەو وڵاتە لە ویلایەتی بارا، كە دەكەوێتە ناوچەی ئەمازۆنەوە هەڵیانكوتایەسەر رێكخراوێكی خێرخوازی تایبەت بەپاراستنی ژینگە و ئەندامانی رێكخراوەكە بەوە تۆمەتباركران ئاگر بەردەدەنە دارستانەكە بۆئەوەی پارە لە رێكخراوەكان وەربگرن.