تیروپشكی یورۆی 2020 راكێشرا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و پورتوگالیش لە یەك گروپدان

30/11/2019 وەرزش

نەوا
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری بوخارستی پایتەختی رۆمانیا تیروپشكی پاڵەوانێتی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا راكێشرا و گروپی شەشەم ئاگرینی دەبێت.
لە پاڵەوانێتییەكەدا 24 هەڵبژاردە بەشدارن و تائێستا 20 هەڵبژاردەیان یەكلابونەتەوە و 4 هەڵبژاردە ماون سەربكەون، ئەوانیش لە پاڵاوتنێكی كۆتاییدا سەردەكەون، كە بە پاشكۆی پاڵاوتن ناسراوە و لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتو بە بەشداری 16 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردەی گروپەكان بەمشێوەیە دابەشبون:
*گروپی یەكەم: توركیا، ئیتاڵیا، وێڵز، سویسرا
*گروپی دووەم: دانیمارك، فینلەندا، بەلجیكا، روسیا
*گروپی سێیەم: هۆڵەندا، ئۆكرانیا، نەمسا، براوەی پاشكۆی D
*گروپی چوارەم: ئینگلتەرا، كرواتیا، براوەی پاشكۆی C، چیك
*گروپی پێنجەم: ئیسپانیا، سوید، پۆڵەندا، براوەی پاشكۆی B
*گروپی شەشەم: براوەی پاشكۆی A، پورتوگال، فەرەنسا، ئەڵمانیا

یارییەكانی پاڵەوانێتی یورۆی 2020، لە 12ی حوزەیرانی داهاتو دەستپێدەكات و دەستپێكی روبەڕوبونەوەكانیش لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و توركیا دەبێت لەنێو یاریگای ئۆڵۆمپیكۆی شاری رۆما دەبێت.
قۆناغی گروپەكان تا رۆژی 24ی حوزەیران دەخایەنێت و یەكەم و دووەمی گروپەكان سەردەكەون، 4 هەڵبژاردەی خاوەنی باشترین پلەی سێیەمیش لە 6 گروپەكەدا سەردەكەون و قۆناغی 16 هەڵبژاردە پڕدەكەنەوە.
بڕیاریشە رۆژی 17ی تەمموز یاری كۆتایی لە یاریگای وێبمڵی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group