ئەندامێكی لیژنەی دارایی: ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە

04/12/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 

دوای لێدوانێكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی حكومەتی عیراق كە حكومەتی كار بەڕێكەری ئێستای عیراق دەسەڵاتی ئەوەی نییە بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی دەڵێت: "پێش دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران دەنگ لەسەر بودجە دراوەو هیچ كێشەیەكی نییە". تەئكیدی لەوەشكردەوە، "رێككەوتنی هەرێم و بەغداش یاساییە".
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، تا حەوت رۆژ دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات و دوای ئەوە دەسەڵاتەكان دەدرێتە سەرۆك كۆماری بۆ ناردنی پرۆژە یاسای بودجەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بۆ پەرلەمان هیچ گرفتێكی یاسایی نییە چونكە پێش ئەوەی سەرۆك وەزیران دەستلەكار بكێشتەوە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بوجەدراوەو بەپێی ئەوەش ناتوانرێت هیچ تانەیەك بدرێت.
جەختی لەوەشكردەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش تەئكیدی لەوەكردووەتەوە كە پێش دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دراوە بۆ ئەوەش هیچ كێشەیەك نییە بودجە رەوانەی پەرلەمانی عیراق بكرێت.
سەبارەت بەوەی كە دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا رێككەوتوون لەسەر ناردنی بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان ئایا ئەو رێككەوتنە هیچ كێشەیەكی یاسایی هەیە؟ جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پێشتر رێككەوتنی سەرەتایی هەرێم و بەغدا لە بودجە جێگیر كرابوو رێككەوتنی كۆتایی لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران كراوە كە هەندێك وردەكاری بۆ زیادكراوە كە ئەوەش كێشەی نییەو رێككەوتنەكە یاساییە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group