میسر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پاڵەوانێتییەكانی بەرزكردنەوەی قورسایی دوردەخرێتەوە

04/12/2019 وەرزش

نەوا
دادگای دادی وەرزشی "كاس" دوپاتیكردەوە، كە یەكێتیی میسر بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی بۆ ماوەی دوو ساڵ رادەگیرێت و ناهێڵن هیچ یاریزانێكی وڵاتەكە بەشداری لە ململانێكانی خولی هاوینەی ئۆلۆمپیادی تۆكیۆ 2020دا بكەن.
مانگی ئەیلولی رابردو بەهۆی بەكارهێنانی مادەی وزەبەخشەوە، یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی بڕیاری دا بۆ ماوەی دوو ساڵ میسر لە پاڵەوانێتییەكان دوربخاتەوە، چونكە چەند حاڵەتێكی بەكارهێنانی مادەی وزەبەخش لەلایەن یاریزانانی میسرەوە ئاشكرابوە و بەوەش لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بێبەشكران، كە لەشاری باتایای تایلەند بەڕێوەچو.
بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2016دا ژمارەیەك یاریزانی تازەپێگەیشتوی میسر لە ئەنجامی پشكنین دەركەوت مادەی وزەبەخشیان بەكارهێناوە، دواتر لە خولی یارییەكانی ئەفریقا پێنج حاڵەتی دیكەی بەكارهێنانی مادە قەدەغەكراوەكان لەنێو یاریزانانی میسردا دەركەوت، ئەوەش وایكرد ئەو سزایە بەسەر یەكێتیی بەرزكردنەوەی قورسایی میسردا بسەپێنرێت.
پێشتر وڵاتانی وەك چین، روسیا، كازاخستان، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بولگاریا و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكەش بەهۆی بەكارهێنانی مادەی وزەبەخش لەلایەن یاریزانەكانیانەوە، سزادراون و لە پاڵەوانێتییەكان راگیراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group