خەزعەلی: رژانی خوێنی خۆپیشاندەرانی عێراق لە ئەستۆی ئەمریكا و ئیسرائیلدایە

08/12/2019 عێراق

نەوا
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە نوێترین لێدوانیدا رشتنی خوێنی عێراقییەكان دەخاتە ئەستۆی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان لێدەكات.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند "خوێنی عێراقییەكان لە ئەستۆی ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئیسرائیلدایە، كاتێكیش دێت ئەو دو وڵاتە بە چوار هێندە باجی ئەو كارانەیان دەدەن".
سەبارەت بەوەی بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران خراوەتە لیستی سزاكانی ئەمریكاوە وتی: " ستەملێكراوین و لەو خۆپیشاندانانەدا هێرشكراوەتە سەرمان، جارێكی دیكە دەیڵێمەوە، دەستی پشت ئەنجامدەرانی ئەو كارە لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكا و ئیسرائیلەوە ئاڕاستەكراون".
لەبەشێكی تری قسەكانیدا خەزعەلی رایگەیاند، بە مانەوەی سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق هیچ چاكسازیەك نایاتە ئاراوە، ئاشكراشی كرد، لە ئێستادا مشتومڕەكان لەسەر ئەوەن كە ئاخۆ سیستەمی حكومڕانی بكرێتە سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی؟.
لە رۆژانی رابردوودا بە تۆمەتی سەركوت و كوشتاری خۆپیشاندەر ئەمریكا چوار كەسایەتی عێراقی خستە ناو لیستی سزاكانیەوە، یەك لەوانە قەیس خەزعەلی بوو.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group