مامۆستایەكی زانكۆ داوادەكات كورد نەبێتە لایەنگر لەو ململانێ سیاسیانەی لە عیراق هەیە

28/12/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
مامۆستایەكی زانكۆ رایدەگەیەنێت، ئەوەی لەعیراق روودەدات داواكاری كەڵەكەبووی 15 ساڵەو داواشدەكات، كورد خوێندنەوەی وردی بۆ دۆخەكە هەبێت و نەبێتە لایەنگری هیچ لایەنێك لەم دۆخەدا.
د. فاروق عەبدول مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان بە رادیۆی نەوای راگەیاند، قۆناغی دوای خۆپیشاندانەكانی عیراق هەستیارەو هەندێك بەداڕشتنەوەی قۆناغی سیاسی عیراقی ناودەبەن چونكە شەقام جوڵەی تێكەوتووەو لایەنەكانیش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری شەقام و دەبینین هەندێك داواكارییان كاری لەسەر دەكرێت و ئەوەش گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی عیراق دەكات چونكە پێشتر دۆخی سیاسی عیراق روبەڕووی چەق بەستوییەك ببوەو ئەوەش كۆمەڵێك كێشەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
باسی لەوەشكرد، ئەوكێشانەی بەرۆكی عیراق گرتووە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن چەند كەسایەتیەك هەروەها گەڕانەوە هەیە لەبواری گەشەپێدان و بوونی فەسادو بێكاری ئەوانەش وایكردووە شەقام بجوڵێت و داوای گۆڕانكاری لە دۆخی سیاسی بكەن و دواتریش گۆڕانكارییەكە دەبێتە گۆڕانكاری ئابوری و سیستەمی دادوەری لە عیراق كە ئەوەش دەتوانرێت لەداهاتوو پرۆسەی سیاسی عیراق راستبكەنەوە.
جەختی لەوەشكردەوە، ئەوەی لەماوەی ئەم سێ مانگەدا رویداوە كێشەی كەڵەكەبووی 15 ساڵی رابردووی عیراقە كە دۆخی سیاسی پێوەی گیرۆدە بووەو بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
د. فاروق عەبدول مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان لەبارەی كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانەی عیراق لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ نەوا وتی: "هەر گۆڕانكارییەك لە عیراق روبدات رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان بەهەمان ئاڕاستە نەك بەئاڕاستەی پێچەوانە نابێت پێمان وابێت گۆڕانكارییەكی سلبی لە بەغدا بە ئیجابی لەسەر هەرێم دەشكێتەوە نەخێر گۆڕانكارییەكە لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت هەندێكجار رەنگە حاڵەتی مەترسیدارتر دروستبكات".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا دەنگۆیەك لە شەقامی عیراق و لایەنەكان هەیەو ریكلامی بۆ دەكرێت كە بەشێك لەو رێگرییانەی دەكرێت لەبەردەم چاكسازی سیستەمی سیاسی لە عیراق، هەرێمی كوردستانە، بۆیە مەترسی هەیە لە داهاتوو ئەم بۆچوونە بگۆڕێت بۆ بەریەككەوتن و دروستكردنی كێشە لەبەردەم هەرێمی كوردستانە.
د. فاروق عەبدول مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان داواشیكرد، هەرێمی كوردستان بەوردی مامەڵە لەگەڵ دۆخی عیراق بكات و نەبێتە لایەنگر لەو ململانێ سیاسیانەی كە هەیە بەتایبەت پرسی رەتكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراق كە لەپشكی كوردە ماڵی شیعەی كردووە بە دووبەرە هەندێك پشتیوانی دەكەن هەندێكیش بە دژایەتی پرۆسەی سیاسی عیراق ناوی دەبەن و بەپێشلكاری دەستوری عیراق ناوی دەبەن و پێیان وایە لادانە لە بنچینەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق نوێ.
راشیگەیاند، پێویستە كورد خوێندنەوەی هەبێت بۆ هەموو گۆڕانكاییەكان چونكە ئەو پۆستانەی بەدەست كوردەوەن ماڵە لەسەر كورد و هەرێمی كوردستان هەر گۆڕانكارییەكیش بكرێت ئەگەر كاریگەری راستەوخۆی نەبێت لەداهاتوو دەردەكەوێت و كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان و دواجاریش خراپشكانەوەی دۆخەكە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.  


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group