پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر چوار ماددە دەكات

12/01/2020

نەواـ سەعید عەبدولڵا ـ هەولێر

پەرلەمانتارێك ڕایدەگەیەنێت كە ئەمشەو 12/1/2020 پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر چوار ماددەی پرۆژەیاسای چاكسازی دەكات و سبەی 13/1 دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە.
لوقمان وەرتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی سەوز بە ڕادیۆی نەوای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی موچەوخانەشینی و دەرماڵەكان ئەنجامدرا و گفتوگۆكان لەوچوارچێوەیە دەستی پێكرد، گفتوگۆكە بەردەوام دەبێ تا چوار ماددە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، و سبەی كاتژمێر 10 و نیو دەست بە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكەینەوە و گفتوگۆكان لەوچوارچێوەیەدا بەڕێوە دەچن.
هەروەها وتی: ئەو پرۆژەیاسایە باس لە خەرجییەكان دەكات و لە داهاتوودا حكومەت ناچار دەكەین كە پرۆژەیەكی دیكەی یاسامان بۆ بنێرێت بۆ چۆنییەتی داهاتی حكومەتی هەرێم چونكە لەم پرۆژەیاسایەبابەتی داهات دیار نییە.
لەبارەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆشەوە ئەو ئەندام پەرلەمانە وتی: كە تاوەكو ئێستا هیچ مەترسییەك لەسەر موچە و ئیمتیازاتی كەس و كاری شەهیدان و هیزەكانی ناوخۆ و خانەنشینیان نیە، بەڵام دەبێ رێكبخرێتەوە.
هەروەها باسی لەوەكرد كە پەرلەمانی كوردستان لە پرۆژەی چاكسازیدا پێداگری لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و حكومەتیش ویستی ئەو چاكسازییەی هەیە چونكە خۆی پرۆژەیاساكەی بۆ ئێمە ناردووە.
ئەمرۆ 12/1/2020 پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارە 13ی خۆی تایبەتكرد بە گفتوگۆی یاسای چاكسازی و ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنەی دارایی و یاسایی كردە بنەمای گفتوگۆی نێوان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرۆژە یاساكە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group