"بە پەرلەمانتارانمان وتوە نابێت دەنگ بە پرۆژەیاسای چاكسازیی بدەن"

14/01/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی پێشوی گۆڕان داوا دەكات خەڵك پشتیوانی لە پرۆژەیاسای چاكسازیی بكەن، رێكخراوەكانی جینۆساید و ئەنفالكراوانیش نیگەرانن.
كاردۆ محەمەد سەرۆكی پێشوتری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەبەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆ نەوا وتی "دەبێت خەڵك پشتیوانی لەو پرۆژەیاسایە بكات، چونكە هەنگاوێكە بۆ رێكخستنەوە و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانەی بە ناحەقی دراون و كاریگەری هەیە لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەریی".
وتیشی "ئەگەر بتوانرێت كەمترین موچەی خانەنشینی 400 یان 500 هەزار دینار بێت، ئەوا هەنگاوێكی گرنگمان ناوە بۆ كەمكردنەوەی كەلێن و جیاوازی و بەشێكە لە دادپەروەری بەڵام هەمووی نییە".
لەلایەن خۆیەوە دیمەن بەرزنجی سەرۆكی رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال لەبەرنامەكەدا بەناوی رێكخراوەكانی جینۆساید و ئەنفالكراوانەوە وتی "دوو مادە هەن بونەتە مایەی نیگەرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەهۆیەوە زەرەرمەند دەبن بۆیە دوای ئەوەی ئەوان هانایان بۆ ئێمە هێنا، ئێمەش یاداشتێكمان دایە فراكسیۆنەكان و پەرلەمانتاران و داوامان لێكردن دەنگ بەو پرۆژەیاسایە نەدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان وتون لەگەڵ چاكسازی و پاكسازیداین".
ئەوەشیخستەڕو، كە "ئەوان بەردەوام دەبن لە فشارەكانیان تا جێبەجێكردنی داواكارییەكان".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group