نه‌وا-لاڤه كورده
له چه‌مچه‌ماڵ پێدانی كاره‌با چه‌ند كاتژمێرێك كه‌مده‌كات ئه‌وه‌ش دانیشتوانی قه‌زاكه‌ی نیگه‌ران كردوه و داواده‌كه‌ن هه‌قی خۆیانیان پێبدرێت.
ئه‌ندازیار نوره‌دین محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "شه‌قام"ی رادیۆ نه‌وادا وتی "به حوكمی ئه‌وه‌ی وێستگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه و سه‌رچاوه‌ی سوته‌مه‌نی ئیشپێكه‌ری وێستگه‌كانی كاره‌با هه‌ر له قه‌زاكه‌یه، نزیكه‌ی دوو ساڵه بارودۆخی كاره‌با به‌راورد به ساڵانی رابردوو باشتر بوه، به‌جۆرێك له 18 تا 22 كاتژمێر كاره‌با به هاووڵاتیان دراوه".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا چه‌ند كاتژمێر كاره‌با به هاووڵاتیان ده‌درێت؟ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له سه‌ره‌تای وه‌رزی سارد‌و سه‌رمادا خواست زیادیكردوه و له‌به‌ر نه‌بونی سوته‌مه‌نی، به‌دیله‌كه كاره‌بایه و په‌ستانی زۆر له‌سه‌ر فیده‌ر و محاویله‌كان دروستبوه، بۆیه پێدانی كاره‌با له حكومه‌ته‌وه و توانای وێستگه‌كان وه‌ك خۆیه‌تی، به‌ڵام خواستی هاووڵاتی زۆربوه ئه‌وه‌ش وایكردوه 12 تا 14 كاتژمێر له ئێستادا بدرێت و له زۆر شوێنی تریش كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ هه‌ر باشتره" .