گۆڕان هەڵوێستی خۆی لە بارەی یاسای چاكسازیەوە راگەیاند

17/01/2020

نەوا
بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی یاسای چاكسازی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختی كردەوە، بەشداریكردنیان لە حكومەت لە سەر بنەمای رێككەوتن بووە بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی چاكسازی.
لە راگەیەندراوەكەدا كە میدیای فەرمی بزووتنەوەكە بڵاویكردووەتەوە هاتووە، " لە فەرهەنگی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پەیڕەوكردنی چاكسازییەكی گشتگیر لەهەرێمی كوردستان، ئەولەویەتی سیاسیی و ئامانجی ژمارە یەكی خەباتی سیاسیی بوە، وەپێشمان وایە چاكسازی، پێویستیەكی لەپێشینەی ئەزمونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانە"
راشیگەیاندووە، " بەشداریكردنی گۆڕانیش لە كابینەی نۆیەمی حكومەت؛ لەسەر بنەمای رێككەوتن بوە بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی چاكسازی، بەتایبەت پابەندبونی حكومەتی هەرێم بە پەیڕەوكردنی پرەنسیپەكانی حوكمڕانی باش، شەفافیەت و لێپرسینەوە و هاوبەشی راستەقینە، هاوكاتیش رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هەموان و بە دامەزراوەیی و نیشتمانیكردنی دامودەزگاكانی هەرێم و رێگری لە قۆرخكاری و بەتاڵانبردنی داهاتی وڵات".
بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندكردنی یاساكەش بە سەرەتایەكی باشی پرۆسەی چاكسازی دەزانێت و بە پێویستیشی دەزانێت هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ چاكسازی لە سەرجەم سێكتەر و بوارەكانی دیكەش، لە سەروی هەمویانەوە خاڵە سنوریەكان و دۆسیەی نەوت و وەبەرهێنان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group