بۆكسێنەرێك دەیان ملیۆن دۆلار بە 40 چركە دەباتەوە

19/01/2020 وەرزش

نەوا
كۆنۆر ماكگریگۆر یاریزانی هونەرە بەرگرییە تێكەڵاوەكان لە یەكەم یاری گەڕانەوەیدا، لە تەنها 40 چركەی سەرەتادا یاریەكەی بردەوە و ركابەرە ئەمریكییەكەی دا بە زەویدا.
دوای دۆڕانی بەرانبەر حەبیب نور محەمەدۆڤ لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2018دا، كۆنۆر یاری نەكردوە و بڕیاربو نیوەڕۆی ئەمڕۆش بەكاتی كوردستان لەیاری گەڕانەوەیدا لە خولی پاڵەوانێتی "یو ئێف سی" لە لاس ڤیگاسی ئەمریكا بەرانبەر دۆناڵد سیرۆنی ئەمریكی یاری بكات، بەڵام یاریزانە تەمەن 31 ساڵەكە لەسەرەتای دەستپێكردنی یاریەكەدا توانی بە تەنها لە 40 چركەدا ركابەرەكەی بدات بەزەویدا و كۆتایی بە یارییەكە بهێنێت.
كۆنۆر ماكگریگۆر یەكێكە لەیاریزانە دیارەكانی پاڵەوانێتیەكانی هونەرە جەنگییە تێكەڵاوەكان و ركابەری چەندین یاریزانی بەناوبانگی كردوەو لێی بردونەتەوە، دوای بردنەوەی یاریەكەی ئەمڕۆشی لەوتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا، "ئەمڕۆ مێژوم تۆماركرد و ناوم لە تۆمارەكانی مێژودا جارێكی تر نوسییەوە". هەروەها ئەو بردنەوەیەشی، كە ژمارە 22ە لەمێژوویدا، پێشكەشی دایكی و گەلی ئێرلەندی كرد.
لای خۆیشیەوە دۆناڵد سیرۆنی ركابەری كە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە پاڵەوانێتی "یو ئێف سی" بە 36 بردنەوە، ئاماژەی بەوەدا "ماكگریگۆر تێكی شكاندم.. هیچی لەو شێوەیەم نەبینیوە".
ماكگریگۆر لەمێژووی بەشداریكردنی لەپاڵەوانێتیەكاندا 26 یاری ئەنجامداوە و 22ی بردوەتەوە و تەنها 4 دۆڕانی تۆمار كردوە، بە بردنەوەكەی ئەمڕۆشی رەنگە بڕی 80 ملیۆن دۆلار وەربگرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group