پۆمپیۆ: كوشتنی سولەیمانی هەڕەشەی تیرۆری كەمكردەوە

پێش 4 هەفتە جیهان

نەوا
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێی وایە، بە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، دەرفەتی عیراقێكی سەروەر هاتۆتە ئاراوە و هەڕەشەی تیرۆریش كەمبۆتەوە.
پۆمپیۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مەترسییەكانی روودانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریكا رایگەیاند "سەرۆك ترامپ بە روونی ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەوان شەڕیان ناوێت، لە هیچ شوێنێكی جیهان لەگەڵ شەڕ نین، بەتایبەتیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دووبارە  ئێرانی بە "گەورەترین وڵاتی پشتیوانكاری تیرۆر لە جیهان" وەسفكرد، ئەمەش لەكاتێكدایە وڵاتانی جیهان خەریكی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆرن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
پۆمپیۆ دەشڵێت، كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەرفەتی عێراقێكی سەروەریان هێناوەتە پێشەوە، هەروەها "مەترسییەكانی تیرۆریان نەك بە تەنیا بۆسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو بۆسەر جیهانیش كەمكردووەتەوە".
لێدوانی پۆمپیۆ لەبارەی كەمبوونەوەی ئەگەرەكانی پێكدادانی ئەمریكا و ئێران لەكاتێكدایە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەمریكا "بەشێوەیەكی ناپیاوانە" قاسم سولەیمانی كوشت، بەڵێنی دا بە شێوەیەكی "پیاوانە" تۆڵە بكەنەوە و هەڕەشەی توندی لە ئەمریكا كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group