عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە كە هێڵەكانی ئینتەرنێت دەبڕن

31/01/2020 عێراق

نەوا
بەپێی راپۆرتێك عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە كە حكومەتەكانیان بۆ ئامانجی دیاریكراو، هاوڵاتیان لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بێبەش دەكەن و زۆرترین حاڵەتەكانی پچڕاندنی ئینتەرنێت تێیاندا تۆمار كراوە.
ڕێكخراوی "ئێكسیز ناو"ی جیهانی، كە تایبەتە بە بواری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و ئازادیی گەیشتن بە زانیاری، راپۆرتی تایبەت بە ساڵی 2019ی بڵاوكردەوە و بە گوێرەی راپۆرتەكە بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن ژمارەیەك دەسەڵات و حكوومەتی وڵاتانی جیهاندا، بە ڕێگەچارەیەكی كاریگەر دانراوە بۆ كەمكردنەوەی ناڕەزاییەكان.
بەپێی راپۆرتەكە ساڵی رابردوو زۆربەی حاڵەتەكانی بڕینی ئینتەرنێت لە هەردوو كیشوەری ئەفریقیا و ئاسیادا تۆماركراون، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی بەرەوڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بوونەتەوە. لە سەرەوەی لیستەكەی رێكخراوەكەدا، وڵاتانی عێراق، سودان، ئوردن، مۆریتانیا، جەزائیر و سووریا هەن.
هەروەها ئێرانیش یەكێكە لەو وڵاتانەی ناویان لە لیستەكەدا هەیە و ساڵی رابردوو بۆ كپ كردنی خۆپیشاندانەكان ئینتەرنێتی بڕیوە.
وڵاتی هیندستانیش كە ساڵی رابردوو نزیكەی 80 رۆژ ئینتەرنێتی لە كشمیر و چەند ناوچەیەكی تری ئەو وڵاتە بڕیبوو، بە یەكێكی تر لەو وڵاتانە دادەنرێت، كە ئازادی گەیشتن بە زانیاریان پێشێل كردووە.
روسیا، چین، تاجیكستان و ئینۆنیزیاش لەو وڵاتانەن كە زۆر جار  بۆ مەبەستی سیاسی هێڵەكانی ئینتەرنێتیان راگرتووە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group