فێستیڤاڵی خلیسكێنەی سەر بەفر لە پێنجوێن سەركەوتو بوە؟

05/02/2020 وەرزش

نەوا

بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن، بە سپۆنسەری دەزگای مرۆیی مام، رۆژی چوارشەممە 5-2-2020 فێستیڤاڵی هەفتەی سپی تایبەت بە خلیسكانی سەر بەفر لە پێنجوێن دەستیپێكرد.
 لە فێستیڤاڵەكەدا وەرزشوانانی چەندین یانە بەشدارن، كە خۆی لە 20 یاریزانی سەرەكیدا دەبینێتەوە بۆ نمایش و دواتریش لە زانكۆ و پەیمانگاكان و گەشتیارێكی زۆر بەشدارن لە فێستیڤاڵی خلیسكێنەدا.
لەوبارەیەوە مەریوان فەرەج سەرۆكی یانەی وەرزشی پێنجوێن و راهێنەری خلیسكێنە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەداوە، 20 یاریزانی تایبەت بە خلیسكان لەسەر بەفر بەشدارن لە فێستیڤاڵەكەدا، تیمەكانی تری وەرزشوانان لە زانكۆ و پەیمانگاكان و گەشتیارانیش ئامادەی دەبن.
ئەو راهێنەرە باس لە گرنگی وەرزشەكە و ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە دەكات بۆ شاری پێنجوێن بەتایبەت لەبواری راكێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی وەرزشی خلیسكێنەدا و دەڵێت "ئەم فێستیڤاڵە زۆر گرنگە لەڕووی راكێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی وەرزشەوە، بەڵام بەداخەوە كەموكورتیەكی زۆرمان هەبووە لە رووی دابینكردنی تەواوی كەلوپەلەكان بۆیە نەتوانراوە وەك پێویست وەرزشوان ئامادەی فێستیڤاڵەكە ببن، بۆیە داوا لە حكومەت دەكەین بۆ ساڵانی داهاتوو، كەلوپەلی وەرزشی پێویستمان بۆ دابین بكەن".
یەكێك لە وەرزشوانە بەشداربووەكان كوڕێكە بەناوی شەنكار عەلی، ئەو ماوەی شەش ساڵە سەرقاڵی وەرزشی خلیسكێنەیە لەسەر بەفر، باس لەوە دەكات هەموو ساڵێك بەشداری كردووە لە فێستیڤاڵەكانی پێنجوێندا و دەڵێت "هەموو ساڵێك بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا دەكەم، وەرزشێكی زۆر خۆشە چێژێكی تایبەتی هەیە، بۆ من و هەموو ئەوانەشی بەشداری تێدا دەكەن. ئەمە شەشەمین فێستیڤاڵە كە لە پێنجوێن ئەنجام دەدرێت، بەخۆشحاڵیەوە بەشداریمان تێداكردوە، كەشێكی زۆر خۆشە، هیوادارم پەرەی زیاتر بدرێت بەم وەرزشە و بەم فێستیڤاڵە".
خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و گەشتیارانیش لە منداڵ و گەنج و پیر بەشێكی تری ئامادەبوانی فێستیڤاڵەكە بوون، ئەوانیش بەشێوازی خۆیان بەبێ كەلوپەلی وەرزشی سەرقاڵی خلیسكێنە و شەڕەتۆپەڵ بوون، كەشێكی خۆش و سەرنجڕاكێشی بۆ گەشتیاران خوڵقاندبوو.
وەك هۆژان حەسەن خوێندكارێكی زانكۆیە و دەڵێت ئەوان لە زانكۆی سلێمانیەوە چون بۆ بەشداریكردن لەو فێستیڤاڵەدا. ناوبراو لەكاتی سەرقاڵبوونی لەگەڵ هاوڕێكانیدا بە شەڕەتۆپەڵ و خلیسكێنەوە وتی "خۆشحاڵین چالاكییەكی لەو چەشنە لە هەرێمی كوردستاندا هاوشێوەی وڵاتانی دەرەوە ئەنجامدەدرێت، بەتایبەت كە كەشوهەوا و جوگرافیای پێنجوێن لەبارە بۆ ئەو جۆرە وەرزشە، كەشێكی زۆر خۆش و تایبەت دروستدەكات، هیوادارین خزمەتی زیاتر بەو جۆرە وەرزشە بكرێت و فراوان بكرێت بۆ ساڵانی داهاتوو. چونكە سەرچاوەیەكی سەرەكی راكێشانی گەشتیاری زستانەیە".
ئەمە شەشەمین فێستیڤاڵی خلیسكێنەیە، كە لە پێنجوێن ئەنجامدەدرێت، بڕیارە بۆ یەك هەفتە بەردەوام بێت. لە شاری پێنجوێن لەسەر رێگای گوندی كانی سێف- ی پێنجوێن لە پشت گۆڕستانی راوكان رێكخراوە.
پێنجوێن یەكێكە لە شارۆچكە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم شارۆچكەیە لە كۆمەڵێك چیا و گردۆڵكە پێكهاتووە ، دەكەوێتە سەر هێڵی درێژیی 46 پلەی خۆرهەڵات و هێڵی پانیی 35.9 پلەی باكووری هێڵی كەمەرەیی و 96 كیلۆمەتر باكووری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، 1317 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، تێكڕای باران لە ساڵێكدا لە پێنجوێن 900 میلیمەترە. رووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە 1129 كیلۆمەتری چوارگۆشە و ناوچەیەكی سەختە و پلەكانی گەرما لە زستاندا زۆرجار بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. بەو هۆیەوە كەشوهەواو جوگرافیایەكی لەباری هەیە بۆ وەرزشەكانی تایبەت بە بەفر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group