گۆڕان: نەنگییە هاووڵاتیان بكرێنە قوربانیی كێبڕكێی كۆمپانیا حزبییەكان و ململانێی حزبی

06/02/2020

نەوا
بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكی لەبارەی قەیرانی غاز دەركرد دەڵَێت، نەنگییە هاووڵاتیان بكرێنە قوربانیی كێبڕكێی كۆمپانیا حزبییەكان و ململانێی حزبی، ئازاردانی خەڵك و دروستكردنی قەیرانیش ناچنە خانەی بەرپرسیارێتی بەرێوەبردنی كۆمەڵگاوە.
ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر قەیرانی غاز و سوتەمەنی راگەیەندراوێكی لە چوارچێوەی گوتاری هەفتانەیدا بڵاوكردەوە، دەڵێت "سامانە سروشتییەكان موڵكی میللەتن و پێویستە حكومەت بەو شێوەیەی كە گونجاوە، بیخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، ئەركی حكومەتە كە سەرپەرشتی تەواوی كێڵگەی نەوت و غاز بكات و لەهەمان كاتیشدا كار لەسەر كۆكردنەوەی داهاتەكانی بكات بۆ ئەو سندوقەی ساڵانێكە بڕیاری لەسەر دراوە و هێشتا دروست نەكراوە".
گۆڕان پێشی وایە "دەشێت هەمو حكومەتێك ناوبەناو توشی قەیرانێكی دیاریكراو بێت كە بڕی خستنە بازاڕ لەئاست داواكاریەكان نەبێت، بەڵام كارێكی زۆر نەنگی و سلبیە هاوڵاتیان بكرێنە قوربانی كێبڕكێی كۆمپانیاكان و كۆمپانیا حزبیەكان یاخود كەسە دەستڕۆیشتوەكان و ململانێی حزبی.
بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا بە ئەركی سەرەكیی هەرسێ لایەنی بەشداربوو لە كابینەی نۆی حكومەت دەزانێت، كە "بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە و چەندین پرسی تری مەترسیداری ئاوا بكەن و بەخێرایی كۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و لیژنەی هاوبەش پێكبێنن بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی حكومەت بەسەر سەرجەم جومگەكانی هەرێمدا، هەر لەوێشەوە كاركردن بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایانەی پێویستن بۆ كۆكردنەوە و قەتیس كردنی سەرجەم داهاتەكان تیایدا".
لەكۆتاییدا گۆڕان دەڵێت "پێویستە حكومەت و سەرجەم دەزگاكانی و هەمو ئەو حزبانەی كە پشتگیری ئەكەن، زۆر خێرا و بەپەلە هەنگاوی كرداری بنێن بۆ كۆتایی هێنان بە مەترسیەكانی هەژمونی كەس و لایەن و كۆمپانیا حزبیەكان بۆسەر قوت و ژیانی هاوڵاتیان".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group