زێدان وادەی گەڕانەوەی هازارد ئاشكرادەكات

09/02/2020 وەرزش

نەوا
زێنەدین زێدان راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید وادەی گەڕانەوەی ئیدین هازاردی ئەستێرەی تیمەكەی رادەگەیەنێت و خۆشحاڵیشە بە ئاستی ئیسكۆ.
لە پاش بردنەوەكەیان لە هەفتەی 23ی لالیگای ئیسپانی بە 4 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە ئۆساسۆنا، زێدان قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كرد و وتی "یارییەكە پڕ گرێكوێرە بو لەنێو یاریگایەكدا كە یاریكردن تێیدا زەحمەتە، ئۆساسۆناش یارییەكەی لەسەرمان قورستر كرد، دەشمانزانی باش تۆپەكە كۆنترۆڵ دەكەن".
هەروەها باسی لە یاریزانەكان كرد و لەبارەی گاریس بەیڵ وتی "یاریزانێكی گرنگە...تۆزێك كێشەی جەستەیی هەیە بەوپێیەی لە چەند یاری رابردودا یاری نەكردوە، بەڵام زۆرمان پێشكەش دەكات و تا كۆتایی وەرزیش پشتی پێدەبەستم".
خۆشحاڵی خۆیشی بۆ یوڤیچ-ی هێرشبەر دەربڕی بەوەی گۆڵی تۆماركردوە.
لەبارەی ئیسكۆش جەختیكردەوە، كە بونی لەنێوان هێڵەكانی یاریگادا بۆ ریاڵ مەدرید زۆر گرنگە و خودی خۆیشی خۆشحاڵە بەو گۆڵەی تۆماریكرد. وتیشی "زۆر سەرسامم پێی".
سەبارەت بە دورخستنەوەی هازاردیش دەڵێت "كاتێكی گونجاو نەبو بۆ یاریكردنی، ئەم هەفتەیە بزانین دۆخی چۆن دەبێت، ئومێدەوارم هەفتەی داهاتو لە یاریگادا بیبینین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group