روسیا: تائێستا عیراق داوای سیستمی S- 400ی نەكردوە

13/02/2020 عێراق

نەوا
ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لە عیراق رەتیدەكاتەوە تائێستا بەغدا داوای هیچ سیستمێكی بەرگریی موشەكی لە وڵاتەكەی كردبێت.
ماكسیمۆڤ لەلێدوانێكدا بەئاژانسی "سپوتنیك"ی وڵاتەكەی وتوە "لەماوەی رابردودا بایەخی عیراق بۆ سیستمی بەرگریی موشەكی روسی S – 400 زیادی كردوە، ئەوەش بۆ روداوەكانی ئەمدواییە دەگەڕێتەوە".
وتیشی "لەگەڵ ئەو پێویستییە، بەڵام جارێ زوە قسە لەسەر ئەوە بكرێت، چونكە عیراق هیچ داواكاریەكی بۆ كڕینی ئەو سیستمە پێشكەش نەكردوە و ئەوەی هەیە تەنها گرنگیدانە و هیچی تر".
هەروەها باڵیۆزی روسیا لە عیراق باسی لەوەكرد، سوپای عیراق گرنگی بەچەكی روسی دەدات و بەلایەوە پەسندە، چونكە لە رووی توانا و كوالێتییەوە جیاوازە لەمەیدانەكانی شەڕدا، وتیشی "هەمیشە دەڵێین ئامادەین هاوكاری حكومەتی عیراقی بكەین بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی وڵاتەكە، ئەگەر داواكاریمان پێشكەشكرا بۆ سیستمێكی دیاریكراو ئەوا لێكۆڵینەوە لەو داواكاریانە دەكەین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group