ئاسایش باندێكی گەورەی دزیكردنی ئاشكرادەكات و ئەندامەكانی دەستگیردەكات

13/02/2020

نەوا
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیركردنی ئەندامانی باندێكی گەورەی دزیكردنی راگەیاند، كە چەندین تۆمەتیان روبەڕوكراوەتەوە.
راگەیاندنی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، لەدرێژەی هەوڵەكانی هێزەكانی بۆ روبەڕوبونەوەی تاوانباران و دەستگیركردنیان، لە رۆژی 12ی ئەم مانگە لەڕێگەی بەدواداچون و سەرچاوە نهێنیەكانی خۆیانەوە توانیویانە زانیاری تەواو لەسەر باندێكی گەورەی دزیكردن و دزینی ئۆتۆمبێل بەدەستبهێنن و ئەندامەكانی دەستگیربكەن، كە لە نۆ كەس پێكهاتون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "ئەو باندە چەندین چەك و كەرەستەی سەربازییان پێبوە، كە بەمەبەستی رێگریكردن و هەڵكوتانەسەر ماڵان و ئۆتۆمبێل بەكاریانهێناوە و لەهەمانكاتدا سێ ئۆتۆمبێلیان پێگیراوە، كە دووان لەو ئۆتۆمبێلانە جۆری تۆیۆتا لاندكرۆزی بێ سەرەتان و بۆ كاری دزیكردن بەكاریانهێناوە، ئۆتۆمبێلێكی دیكەی جۆری كیای گاز-یشیان پێگیراوە، كە لە هاووڵاتییەكیان دزیوە".
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئەوەشی رونكردوەتەوە، كە لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 441 لە یاسای سزادانی عیراقی، ئەندامانی باندەكە راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە تا ئەوكاتەی لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری كۆتاییان لەبارەوە دەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group