"بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كاربكرێت ناتوانرێت دووشەممە پەرلەمان كۆببێتەوە"

22/02/2020 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 
راوێژكارێكی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كار بكرێت ناتوانرێت رۆژی دووشەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەكە عەللاوی ئەنجامبدرێت.
لەوبارەیەوە ئەمین بەكر راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەگەر محەمەد تۆفیق عەللاوی بزانێت بەشێك لە لایەنە سوننەكان و كورد رازین بە كابینەكەی حەزدەكات رۆژی دووشەممە دانیشتنی پەرلەمان بكرێت و لای خۆیەوە نایەوێت هیچ گرفتێك دروستبكات، بەڵام ئەگەر بەپێی رێكارەكانی پەیڕەوی ناوخۆ كار بكرێت و بەپێی ئەو رۆتینیاتەی دیاریكراوە كار بكرێت بەرانبەر پێشنیارەكەی عەللاوی پێی ناچێت دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان بكرێت، لەیەك حاڵەت نەبێت ئەویش فشاری سیاسی هەبێت.
رونیشیكردەوە، ئەوەی هەیە لە رۆژی دەنگدان تەنها دەنگ بەوەزیرەكان نادرێت بەڵكو دەنگ لەسەر بەرنامەی وزاریش دەدرێت وە بۆ دەنگدان بە بەرنامەی وزاری دەبێت لیژنەیەكی تایبەتمەند پێكبهێنرێت یاخود بنێردرێت بۆ لیژنەی یاسایی، زۆر كاتیش لیژنەی تایبەت پێكدەهێنرێت، بەڵام لیژنەكە چۆن پێكدەهێنرێت كەی پێكدێت ئەگەر بە رێكاری یاسایی كاربكرێت و لە دانیشتنی پەرلەمان ئەو لیژنەیە پێكبهێنرێت و دیاری بكرێت كێن، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە، نەك بەوەی جێبەجێ ناكرێت بەڵكو كاتی پێویستە كە كاتیش پێویست بێت واتە دانیشتنەكەی ناتوانرێت رۆژی دووشەممە ئەنجامبدرێت.
راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند، دەكرێت ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان رەزامەندی بدات رۆژی دووشەممە لیژنەكە پێكبهێنرێت و بە تەلەفۆن سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكان رازی بكرێن و بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كارەكان جێبەجێ بكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group