لە خۆرئاوای سلێمانی پێنج هاووڵاتی دەستگیركران

23/02/2020

نەوا
لە سنوری بازیان پێنج هاوولاتی دەستگیركراون، كە دووانیان بە نایاسایی بیریان هەڵكەندوە و سێی دیكەش راوی ئاژەڵی كێویان كردوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئاگاداركرانەوە لە سنوری بازیان چەند هاووڵاتیەك بەشێوەیەكی نایاسایی سەرقاڵی هەڵكەندنی بیرن، دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە هاوكاری لەگەڵ بنكەی پۆلیسی دارستانی هەواری شار و بنكەی بازیان گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە ئەنجامدا توانیان دوو هاووڵاتی بە تۆمەتی هەڵكەندنی بیر دەستگیربكەن و هەروەها دەستگیرا بەسەر ئامێرێكی بیرلێدان، پاشان تۆمەتبارەكان روبەڕوی یاسا كرانەوە.
لەلایەكی دیكەوە لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینی سنوری چالاكیەكانیان، مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان دەرچون بۆ سنوری گوندی (ئەڵا قولی) لە سنوری بەردەقارەمان، لە ئەنجامدا بە هاوكاری لەگەڵ ئاسایشی بەردەقارەمان و بنكەی پۆلیسی بەردەقارەمان توانییان سێ هاووڵاتی دەستگیربكەن، كە سەرقاڵی راوكردنی ئاژەڵی كێوی بون، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش رێكخراوە و رادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group