داوا له‌ عه‌للاوى ده‌كرێت دوباره‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كاندا بكاته‌وه‌ و په‌له‌ له‌ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی نه‌كات

23/02/2020 عێراق

نه‌وا
هیشام سوهه‌یل ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنى "نیشتمان" داوا له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌كات، په‌له‌ نه‌كات له‌ تێپه‌ڕاندنى كابینه‌كه‌ى، به‌ڵكو پێویسته‌ دوباره‌ ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كاندا.
هیشام سوهه‌یل له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، عیراق به‌ قۆناغێكى قورس و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و پێویسته‌ هه‌موان مه‌ترسى بارودۆخه‌كه‌ بزانن به‌تایبه‌تى، كه‌ گه‌لى عیراق ژماره‌یه‌كى زۆر قوربانى و شه‌هیدى داوه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندانه‌كاندا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو ئه‌وه‌ى حكومه‌ت به‌رژه‌وه‌ندى سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانى گه‌ل بپارێزێت به‌بێ جیاوازی.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواش له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی ده‌كات دوباره‌ ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كاندا و په‌له‌ نه‌كات تا ئه‌وكاته‌ى ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنێك كه‌ هه‌موان ره‌زامه‌ندبن پێی.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى فراكسیۆنى "نیشتمان" ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌، ناكرێت حكومه‌ت به‌بێ دوو پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى عیراق تێپه‌ڕێنرێت، هه‌روه‌ها گرنگه‌ حكومه‌ت سه‌ربه‌خۆ بێت و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌به‌رچاو بگیرێن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group