380 گەشتیاری هەرێم لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی و خراونەتە ژێر چاودێری وردی تەندروستییەوە

23/02/2020

نەوا
موختار حاجی عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندیەكان و راگەیاندن لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەڵێت "تائێستا 380 گەشتیاری هەرێم لە 20ی شوباتەوە، كە لە ئێرانەوە و لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ-ەوە گەڕاونەتەوە هەرێم، خراونەتە ژێر چاودێری وردی تەندروستییەوە".
دوای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی كاتی، بڕیاری داخستنی خاڵە سنوورییەكانی لەگەڵ ئێران دا، لەئێستادا تەنها رێگە بە گەڕانەوەی هاووڵاتیان دەدرێت و رێگەنادرێت هیچ هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێران بكات و هیچ هاووڵاتییەكی ئێران-یش بێتە ناو خاكی هەرێمەوە.
لەبارەی رێكارەكانی نێو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، موختار حاجی عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندیەكان و راگەیاندن لە مەرزەكە ئاماژەی بەوەدا رێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر بۆ تەشەنە نەكردن و رێگریكردن لە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. وتیشی "ئێستا بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی هەرێمی كوردستان، ئەو گەشتیارانەی لە 19ی شوباتەوە سەردانی ئێرانیان كردوە، پشكنینی بەراییان بۆدەكرێت، دواتر بە ئۆتۆمبێلی تایبەت رەوانەی پارێزگای سلێمانی دەكرێن بۆ چاودێری تەندروستی، هاوكات سامپڵیان لێوەردەگیرێت، تاكو زیاتر دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت".
وتیشی "تائێستا 380 گەشتیاری هەرێم لە 20ی شوباتەوە، كە لە ئێرانەوە و لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ-ەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم، خراونەتە ژێر چاودێری وردی تەندروستییەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی شیرەكە (بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی) كراون".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group