توشبونی شەش كارمەندی كۆمپانیایەك بە كۆرۆنا رەتدەكرێتەوە

26/03/2020

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان و كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان جەختدەكەنەوە هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لەنێو كارمەندەكانیاندا تۆمارنەكراوە.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، خۆشبەختانە تائێستا لە گەرمیان و لەمیانەی پشكنینەكاندا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) دەستنیشاننەكراوە و دوایین 10 كەس كە پشكنینی تاقیگەییان بۆ ئەنجامدراوە، دەرەنجامەكانیان نێگەتیڤ بوە و هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبون.
هاوكات راگەیاندنی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان جەختدەكاتەوە، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە، شەش كارمەندی كۆمپانیای لۆكس ئەیجنسی لەنێو مەرزی  نێودەوڵەتیی پەروێزخان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، دەركەوتوە پشكنینی سەرجەم ئەو كارمەندانە پاك دەرچون و كەسیان هەڵگری  ڤایرۆسەكە نین.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو دەنگۆیە دوای ئەوە دێت، كە سامپڵ لە بەشێك لە فەرمانبەر و كارمەندانی نێو كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان وەرگیرا بۆ دڵنیابونەوە لە دۆخی تەندروستییان، لەو چوارچێوەیەشدا گومان لە پشكنینی ئەو شەش كارمەندەی كۆمپانیای لۆكس ئەیجنسی كرا، بەو هۆیەشەوە بۆ دڵنیابونەوەی زیاتر دوبارە پشكنینیان بۆ كرایەوە.
داواش لە سەرجەم شۆفێرو بازرگان و فەرمانبەر و كرێكارو كارمەندانی نێو كۆمەڵگای دەروازەكە دەكەن، پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group