ئەڵمانیا ئەمریكا بە دزینی 200 هەزار دەمامك تۆمەتبار دەكات

04/04/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
بەهۆی گیرۆدەبوونی جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا بە كۆرۆنا، ململانێكان لەسەر بەدەستهێنانی كەلوپەلی پزیشكی و خۆپارێزی بە جۆرێك توند بووەتەوە، كە یەكتر بە دزینی ئەو پێداویستیانە تۆمەتبار دەكەن.
ئاندریاس گایزل وەزیری ناوخۆی ویلایەتی بەرلینی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە هاندانی ئەمریكا 200 هەزار دەمامكی جۆری ئێف ئێف دوو كە بڕیاربوو لە تایلاندەوە بەرەو بەرلین رەوانە بكرێن دەستیان بەسەردا گیراوە و رەوانەی ئەمریكا كراون.
وەزیری ناوخۆی بەرلین ئاماژەی بەوەشكرد ئەوە جۆرێكە لە چەتەیی سەردەمیانە و شێوازێكی دزی و رێگریی رۆژئاوای ئەمریكای وەحشیە.
 بەپێی میدیاكانی ئەڵمانیا بڕیاربوو ئەو 200 هەزار دەمامكە بدرێن بە هێزەكانی پۆلیس و بۆ ئەو مەبەستەش بەرلین گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئێم سری ئەمریكی واژۆ كردبوو، كە لە چین كاری بەرهەمهێنانی دەمامك دەكات.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، كە ئەمریكا لە بانكۆك رێڕەوی فڕۆكەكەی بەرەو وڵاتەكەی گۆڕیوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا دەستی بە لێكۆڵینەوە لەو بارەوە كردووە و تا ئێستا ئەمریكا لەسەر ئەو تۆمەتباركردنە هیچ لێدوانێكی رانەگەیاندووە.
بەپێی زانیاریەكانی میدیای ئەڵمانیا واشنتۆن بە شێوەیەكی یاسایی كۆمپانیای ئێم سری ئەركدار كردووە زۆرترین ژمارەی دەمامكی ئێن 95 بەرهەمبهێنێت و رەوانەی ئەمریكای بكات.
تا ئێستا زیاتر لە 293 هەزار توشوبووی كۆرۆنا لە ئەمریكا و زیاتر لە 92 هەزار تووشبووش لە ئەڵمانیا تۆمار كراون.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group