سەرەڕای ڤایرۆسی كۆرۆنا سەروەتی رۆناڵدۆ لە ملیارێك دۆلار نزیكدەبێتەوە

05/04/2020 وەرزش

نەوا
رۆژنامەی "فۆربس"ی ئەمریكی ئاشكرایكرد، كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی لە چەند مانگێكی كەمدا سەروەتەكەی دەگاتە یەك ملیار دۆلار و ئەوەش یەكەم یاریزانی تۆپی پێیە داهاتەكەی بگاتە ئەو ئاستە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، داهاتی رۆناڵدۆ لە ملیارێك دۆلار نزیكبوەتەوە ئەوەش سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا و لە چەند مانگێكی كەمدا سەروەتەكەی دەگاتە ئەو ژمارەیە.
بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەرجەم خولەكانی ئەوروپا وەستێنراون و رۆناڵدۆ لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی موچەی یاریزانان لەلایەن چەند یانەیەكەوە 4.24 ملیۆن دۆلار لە موچەكەی لەدەستداوە.
رۆژنامە وەرزشیەكانی جیهان ئەوەیان رونكردوەتەوە، سەرەڕای وەستانی خولەكان و كاری ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای جیهان بەتایبەتی ئەو كۆمپانیایانەی یاریزانان ریكلامیان بۆ دەكەن، بەڵام ئەوە كاریگەری نەكردوەتەسەر سەروەت و سامانی رۆناڵدۆ لە یەك ملیار دۆلار نزیكدەبێتەوە.
گۆڤارەكە ئەوەشی رونكردبوەوە، لە ساڵانی رابردودا موچەی رۆناڵدۆ زیادی كردوە و هەفتانە بوەتە 500 هەزار دۆلار، بەڵام بە تەنها ئەوە هۆكار نییە بۆ زیادبونی سامانەكەی  و چەندین كاری بازرگانی تری هەیە و زنجیرەیەك هۆتێلی لە ئەوروپا و مەغریب هەیە، هەروەها ماركەیەكی بازرگانی بەناوی خۆیەوە هەیە ئەوەش سەرەڕای چەندین گرێبەستی ریكلامیی زەبەلاح، كە ئەوەش كردویەتی بە دووەم پڕداهاتترین وەرزشوان لە ساڵی 2019، كە داهاتی 101 ملیۆن یورۆ بوە، لە پێشیەوە تەنها لیۆنێل میسی هەبوە لەو ساڵەدا بە 103 ملیۆن یورۆ.
رۆناڵدۆ دەچێتە پاڵ هەریەكە لە "تایگەر وودز" یاریزانی گۆڵف و "فلۆید مایۆیزر" بۆكسێنەری ئەمریكی و لەمێژودا تەنها ئەو دوو وەرزشوانە گەیشتونەتە ئەو سەروەتە، یەكەم كەس وودز بوو، كە لەساڵی 2009 دوای 13 ساڵ لە ژیانی پیشەگەری سەروەتەكەی گەیشتە یەك ملیار دۆلار، دواتر فلۆید لە ساڵی 2017 گەیشتە هەمان ئاستی كۆكردنەوەی سامان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group