لە سلێمانی رێككاری نوێ بۆ 48 كاتژمێری دوای قەدەغەی هاتوچۆ دیاریدەكرێت

05/04/2020

نەوا
لە سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئامادەكاری كردووە بۆ جێبەجێكردنی پلانی دوای 48 كاتژمێری قەدەغەی هاتوچۆ و سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت "شێوازی كاركردنی ماركێت و نانەواو سەمونخانەكان لە ئەگەری كردنەوەیان جیاواز دەبێت".
پەیجی قائیمقامیەتی سلێمانی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، رۆژی یەكشەممە كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكان و ئاسایشی ئابوری و چاودێریی بازرگانی و كۆمپانیای خۆراك لە قائیمقامیەتی سلێمانی بەمەبەستی دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ رۆژانی دوای كۆتاییهێنانی 48 كاتژمێری قەدەغەی هاتوچۆ بەڕێوەچو.
لەبارەی كۆبونەوەكەش، لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، پلانێكی نوێیان داناوە و ئامادەسازی تەواوكراوە بۆ شێوازی كاركردنی كۆمپانیاكانی خۆراك و كردنەوەی نانەوا، فڕنی سەمون، ماركێت، گۆشتفرۆش، میوەفرۆشەكان و عەلوەی سلێمانی و بەگشتی رێكخستنی ژیانی هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دوای 48 كاتژمێرەكەی قەدەغەی هاتوچۆ.
وتیشی "لەئەگەری كردنەوەی ئەو شوێنانەدا، ئەوا شێوازی كاركردنیان جیاوازدەبێت و بەتەواوی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لەبەرچاودەگیرێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group