مۆرینهۆ و ژمارەیەك یاریزانی تۆتنهام هۆشدارییەكانی حكومەتی بەریتانیا پشتگوێدەخەن

08/04/2020 وەرزش

نەوا
ئیدارەی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی هۆشداری بە خۆسێ مۆرینهۆی راهێنەر و ژمارەیەك یاریزانی دیكەی یانەكە دەدات، كە بڕیارەكانی كەرەنتینی تەواوەتی لە بەریتانیا نەشكێنن و یاساكانی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا پێشێل نەكەن.
هەندێك وێنەی مۆرینهۆ و سێ یاریزانی یانەی تۆتنهام بڵاوبۆتەوە، كە لە پاركێكی لەندەنی پایتەخت سەرقاڵی مەشق و راهێنان. لەوبارەیەوە نوێنەرێكی یانەی تۆتنهام رایگەیاند، هەموو یاریزانان ئاگاداركراونەتەوە، كە پێویستە رێز لە بنەماكانی دوركەوتنەوە لە یەكتر بگرن كاتێك لە دەرەوە مەشق و راهێنان دەكەن. دەشڵێت "ئەو پەیامەیان بەردەوام پێڕادەگەیەنین".
بەگوێرەی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكان، دوو یاریزانی تۆتنهام پێكەوە رایانكردوە و یەكێكی دیكەشیان لەگەڵ هاوڕێیەكیدا مەشق و راهێنانی كردوە و شان بەشانی یەكتر جوڵاون، لەكاتێكدا هیچ كەسێك بۆی نییە لە كەمتر لە دوو مەتر پێكەوەبن ئەگەر ئەندامانی یەك خێزان نەبن، هەروەك هەر كەسێك بۆی هەیە تەنها یەكجار لە رۆژێكدا پیاسە بكات یاخود راهێنانی وەرزشی ئەنجامبدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group