وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

08/04/2020

نەوا
دوای هێرشەكەی شەوی رابردووی چەكدارانی داعش لە سنووری كوڵەجۆ و شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی كوردستان و راوەدوونانی چەكدرانی ئەو رێكخراوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەكدا دڵنیایی دەداتە خەڵكی كوردستان، كە چۆن ئەو رێكخراوەیان لەرووی جوگرافییەوە تێكشكاند، بە هەمان شێوە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵ دەكەنەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە: شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 5ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسول، سووركێو حەمە رەشید) شەهید بوون.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی رابردووی كوڵەجۆ دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەكەینەوە".

راشیگەیاندووە: بە خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەكەمان و خراپی دۆخەكە بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە، بەڵام وەك هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشداوە: "لەكاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆرێكخستنەوەی شانە نووستووەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش".



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group